بانە؛ دەسبەسەرکرانی پێدرام موعینی، خوێندکاری دوکترای زانکۆی زانست و لێکۆڵینەوەکانی تاران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە

16:00 - 22 جۆزەردان 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی جۆزەردان، پێدرام موعینی، خوێندکاری دوکترای کۆمەڵناسیی سیاسیی زانکۆی زانست و لێکۆڵینەوەکانی تاران، لە شاری بانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

فەرزام موعینی برای پێدرام، سەبارەت بە دەسبەسەرکرانی براکەی بە کوردپای وت: هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی کاری براکەم لە بانە و دەسبەسەریان کردووە.

فەرزام موعینی ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی شوێنی کارەکەی پێدرام، هەندی کەلوپەلی کەسیی ناوبراو، لەوانە مۆبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

فەرزام موعینی سەبارەت بە چارەنووسی براکەی پاش دەسبەسەرکران ڕایگەیاند: سەرەڕای بەدواداچوونەکان، هێزە ئەمنیەتییەکانی بانە لە دانەوەی وڵامی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسی پێدرام خۆ دەبوێن.

پێدرام موعینی، ڕۆژی ٢ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە تاران، لەلایەن هزیە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرابوو.

ئەم خوێندکارە کوردە پاش ڕاگوێزرانی بۆ بەندی ٢٠٤ی زیندانی ئێڤین، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شیوەی کاتی ئازاد کرابوو.

پێدرام موعینی لەلایەن لێپرسی دادسەرای ئێڤینەوە بە "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی وڵات"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان" تۆمەتبار کرابوو.

پێدرام موعینی، تەمەن ٣٨ ساڵ، کوڕی عەزیزوڵڵا و خەڵکی سنەیە.