بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی دوو چالاکی مەدەنیی کوردی یارسان لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان

16:34 - 21 جۆزەردان 2723

سەید فەریبۆرز شائیبراهیمی و سەید فەرهاد زۆنووری، لە چالاکانی مەدەنیی یارسان، هێشتا لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان دەسبەسەرن و لە پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو چالاکە مەدەنییەی یارسان، بە هۆی قسەکردن لە ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی خەلیل عالی‌نژاد و هاندانی خەڵک، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و لە ڕەوتی دادوەریی دۆسییەکەیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم دوو چالاکە مەدەنییە تا کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دادگا مافی پێوەندی تلفۆنی و چاوپێکەوتنیان نییە.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی جۆزەردان، سەید فەریبۆرز شائیبراهیمی و سەید فەرهاد زۆنووری، لە شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، لە ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی دێزڵاوای کرماشان ڕاگوێزران.

دەسبەسەرکرانی ئەم دوو چالاکە مەدەنییە کوردە بە نواندنی توندوتیژی بووە و بە زۆر لە سەر دیوارەوە چوونەتە ماڵەکەیان و هیچ حوکمێک یان قسەیەکیان لەسەر دەسبەسەرکرانیان پێ نەبووە.

ئەم دوو چالاکە مەدەنییە، ڕۆژی هەینی ٢٧ ی خەزەڵوەری ١٤٠١یش لە ڕێوڕەسمی ٢١‌ـەمین ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالی‌نژاد هاوکات لەگەڵ نواندنی توندوتیژی و لێدان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.