کامێران؛ دەسبەسەرکرانی لاوێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

16:19 - 21 جۆزەردان 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی جۆزەردان، لاوێکی کورد بە ناوی "دانا قوربانی"، تەمەن ١٩ ساڵ، کوڕی ئەسعەد و خەڵکی کامێران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم لاوە کوردەیان لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: بنەماڵەی ئەم لاوە کوردە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانیان کردووە بەڵام هێزە ئەمنییەتییەکان وڵامێکی ڕوونیان پێ نەداونەتەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: دانا قوربانی، برازای حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠، حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کامێران بە بێ ئاگاداربوونی بنەماڵەکەی و پارێزەرەکەی لە زیندانی سنە لە سێدارە درا.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی دانا قوربانی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.