بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد

21:01 - 20 جۆزەردان 2723

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سیامەک هەیاسی" و "ئالان داغدار"، خەڵکی گوندی "حاجی ئاوا" سەر بە شاری بۆکان، هێشتا لە دەسبەسەریدان و زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزراون و لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەری کراون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سەرەڕای سەردانی بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ و بۆکان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانەوەی وڵامی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسیان خۆ دەبوێرن.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خاکەلێوە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، سیامەک هەیاسییان دەسبەسەر کردووە و پاش دەسبەسەرکرانی ماڵەکەیان پشکنیوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان هەندێک لە کەلوپەلی کەسیی سیامەک هەیاسی لەوانە لەپتاب، مۆبایل و فلەش مێمۆریی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خاکەلێوەش، ئالان داغدار بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد دەست نەکەوتووە.