ئەیووب ئاغالیانی، خۆپیشاندەری خەڵکی شنۆ لە زیندانی ورمێ، ٨ مانگە لە چاوپێکەوتن بێبەری کراوە

19:29 - 20 جۆزەردان 2723

خۆپیشاندەرێکی خەڵکی شنۆ، بە ناوی "ئەیووب ئاغالیانی"، تەمەن ٢٢ ساڵ و کوڕی جەهانگیر کە لە زیندانی ورمێدایە، ٨ مانگە لە چاوپێکەوتن بێبەری کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت: ئەم خۆپیشاندەرە لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی پێوەندیی هەیە.

ڕۆژی ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠١، ئەیووب ئاغالیانی لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شنۆوە بە ١٠ ساڵ و ٦ مانگ زیندان و لێدانی ٧٠ قامچیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییە بە شێوەی ویدیۆکۆنفرانس و بە بێ دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بەڕێوە چووە و دادگا، ناوبراوی بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە و تەبانی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نەتەوەیی وڵات بە چوار ساڵ زیندان"، "تێکدانی نەزمی گشتی" بە یەک ساڵ زیندان و لێدانی ٧٠ قامچی، "تێکدانی کەلوپەلی گشتی" بە یەک ساڵ و ٦ مانگ زیندان و "بەشداری لە ئاگرتێبەردانی بەئەنقەستی کەلوپەلی گشتی" بە ٤ ساڵ زیندان بە جێبەجێکرانی زیاترین سزا و بە هەژماردکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو مەحکووم کردووە.

هەروەها لە ڕێبەندانی ١٤٠١دا، ئەیووب ئاغالیانی لە لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەری ٢ی ورمێ بە تۆمەتی "تێکدانی کەلوپەلی گشتی بە مەبەستی دژایەتی لەگەڵ نیزام و تێکدانی نەزمی گشتی" بە یەک ساڵ و ٥ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

ئەم خۆپیشاندەرە، ڕۆژی شەممە، ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠١یش ، لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتەکانی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی(تێکدانی نەزمی گشتی بە هەرا) و تێکدانی کەلوپەلی گشتی بە مەبەستی دژایەتی لەگەڵ نیزام و هەستانەوەی چەکداری لە بەرانبەر حکوومەتی ئیسلامی(موحاربە و هەستانەوەی چەکداری دژی حکوومەتی ئیسلامی)"موحاکمە کرا و تاکوو ئێستا لەمبارەوە حوکمێکی پێ ڕانەگەیەندراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری شنۆ ڕۆژی هەینی، ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.