٦ کەس لە باوک و برای گیانلەدەستداوانی سنە، دێولان و دیواندەرە هێشتا لە دەسبەسەریدان

15:47 - 20 جۆزەردان 2723

دوابەدوای ئەوەی کە دایک و بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی سنە، دێولان و دیواندەرە، شەوی هەینی ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٢، چوونە سەر مەزاری گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز و دواتریش سەردانی مەزاری گیانلەدەستداوانی بۆکانیان کرد، ٤٠ کەسیان لەلایەن هێزەکانی سپای ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران کە تاکوو ئێستا ٦ کەسیان هەروا لە دەسبەسەریدان.

ڕەفیق حوسێن‌پەناهی چالاکی سیاسی_مەدەنی کە دایکی واتە دایە شەریفە، دایکی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراو لەگەڵ باقی دایکانی مافویست بووە، لە تویتێری خۆیدا نووسیویەتی: "حەسەن ئەمینی، برای محەممەد ئەمینی، سدیق بەهمەنی، باوکی شاهۆ بەهمەنی، هاشم ساعدی، باوکی سارینا ساعدی، ئەحمەد ڕەحیمی، باوکی یەحیا ڕەحیمی، ئارمان حەبیبی، برای ئارام حەبیبی، عەبدولڕەحمان نەسری، باوکی مەتین نەسری و دوو شۆفێری مینی‌بووسەکان (جەماڵ و جەمیل) هێشتا لە دەسبەسەریدان."

ڕەفیق حوسێن‌پەناهی پێشتر، ناوی دەسبەسەرکراوەکانی بەم شێوازە بڵاو کردبووەوە: "دایە شەریفە، دایکی ڕامین حوسێن‌پەناهی، حەسەن ئەمینی، برای محەممەد ئەمینی لەگەڵ دایک و بنەماڵە، سدیق بەهمەنی باوکی شاهۆ بەهمەنی لەگەڵ بنەماڵە، حەیات، دایکی موئمێن زەندکەریمی لەگەڵ بنەماڵە، کۆسار و هانا و باران (١٢ ساڵە) خوشکەکان و برازای پەیمان مینبەری، کیا مورادی و یونا مورادی(منداڵ)، منداڵی کۆسار مینبەری، خوشکەکانی داریووش عەلیزادە، ئەحمەد ڕەحیمی، باوکی یەحیا ڕەحیمی، خوشکی شادمان ئەحمەدی لەگەڵ بنەماڵە، عەبدولڕەحمان نەسری لەگەڵ بنەماڵە، خوشکەکان و براکانی ئارام حەبیبی، خوشکی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی، هاشم ساعدی، باوکی سارینا ساعدی، ڕادا فاتحی، خوشکی ڕامین فاتحی، عەدنان فەتحی، بەیان، دڵنیا بەهمەنی خوشکی شاهۆ بەهمەنی، مائێدە نەسری، خوشکی مەتین نەسری."

ڕۆژی هەینی، ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٢، ڕێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی دانیال پابەندی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز، بە بەشداریی دایکی گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە، دێولان و دیواندەرە بەڕێوەچوو؛ ئەم دایکانە دواتر چوونە بۆکان و سەردانی مەزاری گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییان لەو شارە کرد کە هێزە ئەمنییەتییەکان پاش کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمەکە هەوڵی دەسبەسەرکردنی ئەم دایکانەیان دا.

دایکانی مافویستی گیانلەدەستداوانی سنە، دێولان و دیواندەرە لە کاتی گەڕانەوەدا لە چوونەژوورەوەی شاری سەقز، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کراون.