دەسبەسەرکرانی دایکی گیانلەدەستداوانی سنە، دێولان و دیواندەرە لە چوونەژوورەوەی سەقز لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە

02:04 - 20 جۆزەردان 2723

ڕۆژی هەینی، ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٢، ڕێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی دانیال پابەندی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز، بە بەشداریی دایکی گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە، دێولان و دیواندەرە بەڕێوەچوو؛ ئەم دایکانە دواتر چوونە بۆکان و سەردانی مەزاری گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییان لەو شارە کرد کە هێزە ئەمنییەتییەکان پاش کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمەکە هەوڵی دەسبەسەرکردنی ئەم دایکانەیان دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دایکانی مافویستی گیانلەدەستداوانی سنە، دێولان و دیواندەرە لە کاتی گەڕانەوەدا لە چوونەژوورەوەی شاری سەقز، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کراون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند، ئەم دایکانە و کەسانی تر کە لە دوو مینی‌بووسدا بوون، دەسبەسەر کراون و تاکوو ئێستا زانیارییەکی ورد لەمەڕ چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بەپێێ ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان، موژگان ئێفتخاری، دایکی ژینا-مەهسا ئەمینیش لەسەر مەزاری گیانلەدەستداوانی بۆکان بووە.

ڕەفیق حوسێن‌پەناهی چالاکی سیاسی-مەدەنی کە دایکی واتە دایە شەریفە، دایکی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراو لەگەڵ باقی دایکانی مافویست بووە، لە تویتێری خۆیدا نووسیویەتی :" زیاتر لە ٤٠ کەس، لە دایک و باوکی گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەنێو دەسبەسەرکراواندان."

دایکانی مافویست، ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردان، بە بەدەستەوەگرتنی وێنەی منداڵەکانیان کە بەدەستی کۆماری ئیسلامی کوژران و بە وتنەوەی دروشمی وەک: "شەهید نامرێ"، "سوێند بە خوێنی یاران، بەردەوامین تا کۆتایی" و "ژن، ژیان، ئازادی"، یادی گیانلەدەستداوانیان بەرز ڕاگرت و خوازیاری مافی خۆیان بوون.