لەسێدارەدرانی زیندانییەکی خەڵکی کرماشان لە زیندانی ورمێ

01:26 - 20 جۆزەردان 2723

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردان، حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییەک بە ناوی "قوباد فەرهادپوور"، خەڵکی کرماشان، لە زیندانی ورمێ جێبەجێ کراوە.

ئەم زیندانییە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی جۆزەردان، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرابوو.

قوباد فەرهادپوور، پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" دەسبەسەر و لەلایەن ناوەندەکانی دادوەرییەوە بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوو.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم زیندانییە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان یان میدیاکانی نێوخۆی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ١٩ی جۆزەردان، حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییەک بە ناوی "جەعفەر محەممەدپوور"، کوڕی محەممەد، خەڵکی سەردەشت، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.