حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییەکی خەڵکی سەردەشت لە زیندانی ورمێ جێبەجێ کرا

01:06 - 20 جۆزەردان 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ١٩ی جۆزەردان، حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییەک بە ناوی "جەعفەر محەممەدپوور"، کوڕی محەممەد، خەڵکی سەردەشت، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

ئەم زیندانییە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی جۆزەردان بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرابوو.

ئەم زیندانییە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" دەسبەسەر و لەلایەن ناوەندەکانی دادوەرییەوە بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوو.

جەعفەر محەممەدپوور، خێزاندار بووە و دوو منداڵی هەبووە.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم زیندانییە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان یان میدیاکانی نێوخۆی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.