هاووڵاتییەکی کورد بەمەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا

10:54 - 17 جۆزەردان 2723

ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "فەرعان حەسەن‌زادە"، تەمەن ٣١ ساڵ، کوڕی لەتیف، خەڵکی شاری شنۆ پاش ڕۆیشتن بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی دادسەرای ئەم شارە، دەسبەسەر کرا و بەمەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا.

فەرعان حەسەن‌زادە، ڕۆژی ٩ی بانەمەڕ لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مێهدی ڕەزایی"، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەت" بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کرا کە ئەم حوکمە بۆ ساڵێک و ٤ مانگ کەم کرایەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

فەرعان حەسەن‌زادە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوو و ڕۆژی ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە خێزاندارە و منداڵی هەیە.