برینداربوونی چوار کۆڵبەر بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری نەوسوود

17:12 - 16 جۆزەردان 2723

شەوی دووشەممە، ١٥ی جۆزەردان، ٤ کۆڵبەر بە ناوەکانی "عەلی حوسێنی"، تەمەن ١٧ ساڵ ، خەڵکی گوندی "بلەبزان" سەر بە شاری پاوە، "سۆران دانشی"، تەمەن ٢٠ ساڵ خەڵکی گوندی "بلەبزان" سەر بە شاری پاوە، "شوان (پاشناو ناڕوون)"، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "ساتیاری"ی پاوە و "کاوان حوسێنی"، تەمەن ١٨ ساڵ خەڵکی گوندی "دشە"ی پاوە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری نەوسوود بریندار بوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چوار کۆڵبەرە بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، کراونەتە ئامانجی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم چوار کۆڵبەرە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستانی عێراق کراون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: لەم ڕووداوەدا، لاقی عەلی حوسێنی، دەستی شوان، پشتی سۆران دانشی و پشت و نێوقەدی کاوان حوسێنی بریندار بووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی جۆزەردان، کۆڵبەرێک بە ناوی "هوشیار حەسەن‌پوور"، خەڵکی بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری "زڵە" گیانی لەدەست دا.