کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری "زڵە"ی بانە کوژرا

13:49 - 15 جۆزەردان 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی جۆزەردان، کۆڵبەرێک بە ناوی "هوشیار حەسەنپوور"، خەڵکی بانە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری "زڵە"، گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم کۆڵبەرە لەم ڕووداوەدا سەر و سینگی بەتوندی بریندار بووە و پاش ڕاگواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی بانە گیانی لەدەست داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئەم کۆڵبەرە بە بێ ئەوەی کە باری پێ بێت، کراوەتە ئامانجی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند: تاکوو ئێستا تەرمی ئەم کۆڵبەرە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

هوشیار حەسەنپوور، کوڕی لەتیف، تەمەنی ٢٠ ساڵ بووە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوییەوە هەتا کۆتایی ساڵی ١٤٠١، بەگشتی ١٩٥٦ کۆڵبەر لە کوردستانی ئێراندا کوژراون و بریندار کراون.