کامران قادری، پاش ئازادبوونی گەیشتە ئوتریش

01:14 - 15 جۆزەردان 2723

کامران قادری، زیندانیی کوردی خەڵکی پیرانشار کە هاووڵاتیی دوو وڵاتی ئێران و ئوتریش بوو، پاش گۆڕینەوەی زیندانییان بۆ ئازادکردنی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دەبیری سێهەمی باڵوێزخانەی ئێران لە ئوتریش، لە زیندان ئازاد کرا.

یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئەم زیندانییە بە کوردپای ڕاگەیاند: ئەم زیندانییە کوردە، ڕۆژی هەینی ١٢ی جۆزەردان ئازاد کرا و ڕۆژی شەممە ١٣ی جۆزەردان گەیشتە ئوتریش.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە ئێرانی_ئوتریشییە، ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی ئێڤین تێپەڕاندووە.

کامران قادری، بەفرانباری ساڵی ١٣٩٤ لە فڕۆکەخانەی تاران دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دادگاوە، بە تۆمەتی "سیخۆڕی" بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

حوکمی دادگای سەرەتایی ئەم هاووڵاتییە لە دادگای پێداچوونەوەدا جەختی لەسەر کرابوو.

کامران قادری لە زانکۆی تێکنیکی ڤییەن خوێندوویەتی و لە بیاڤی فەناوەریی زانیاریدا کاری کردووە.

ئەم زیندانییە سەرەتاکانی دەیەی ٦٠ بۆ خوێندن لە بواری ئەندازیاریی کارەبا لە ڤییەن، لە ئێران چووبووە دەرەوە.

ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دەبیری سێهەمی باڵوێزخانەی ئێران لە ئوتریش پاش گەڕانەوە بۆ بێلژیک، بە تۆمەتی هاوکاری لە "کردەوەیەکی تێرۆریستی لە خاکی ئورووپا" موحاکمە کرا و بە ٢٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرا. ناوبراو ڕۆژی هەینی ٥ی جۆزەردان پاش ٥ ساڵ، بە نێوبژیوانیی وڵاتی عەمان، لە ئاڵوگۆڕ لەگەڵ ئۆلیڤیە ویندکاستیل، هاووڵاتیی بێلژیکی، کامران قادری و مەسعوود مەساحیب لەگەڵ زیندانییەکی هاووڵاتیی وڵاتی دانمارک ئازاد کرا و گەڕایەوە بۆ ئێران.