عوسمان ئیسماعیلی بانگهێشتی دادگای ئینقلابی سەقز کرا

18:30 - 6 جۆزەردان 2723

عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز بانگهێشتی دادگای ئینقلابی سەقز کرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە، بەپێی بانگهێشتنامەیەک کە پێی گەیشتووە دەبێ ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردان لە دادگای ئینقلابی سەقز ئامادە بێت و سەبارەت بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "ئەندامەتی لە حیزبەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، بەرگری لە خۆی بکات.

پێشتریش، عوسمان ئیسماعیلی لەلایەن لقی٣ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقزەوە بە "پڕوپاگەبدە دژی نیزام" و "ئەندامەتی لە حیزبەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خاکەلێوە، عوسمان ئیسماعیلی بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠١، ئەم چالاکە کرێکارییە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، عوسمان ئیسماعیلی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شەقامی "شوهەدا"ی سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش تێپەڕبوونی یەک حەفتە، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.