شنۆ؛ فەخرەدین ئیبراهیمی، کوڕی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراو، بە زیندان مەحکووم کرا

18:25 - 6 جۆزەردان 2723

فەخرەدین ئیبراهیمی، کوڕی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراو لەلایەن لقی ١١٣ی دادگای کەیفەری ٢ی بەهەشتیی ورمێ، بە سێ زیندانی تەعزیری  مەحکووم کرا.

دادگا ئەم حوکمەی بە تۆمەتی "شکاندنی دەرگای پاسەوانیی دادگای پێداچوونەوە" و بە پشتبەستن بە ماددەی ٦٨٧ی یاسای سزای ئیسلامی، پەسەندکراوی ١٣٧٥، بەشی تەعزیرات بۆ فەخرەدین ئیبراهیمی دەر کردووە.

هەروها دادگا بە پشتبەستن بە ماددەکانی  ٤٦، ٤٨، ٥١، ٥٢ و ٥٤ یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ١٣٩٢ ئەو حوکمەی بۆ ماوەی یەکساڵ هەڵپساردووە.

فەخرەدین ئیبراهیمی بەنیسبەت حوکمی دادگای سەرەتایی ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و دۆسییەکەی بەمەبەستی پێداچوونەوە بۆ دادگای پێداچوونەوە نێردراوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خاکەلێوە، فەخرەدین ئیبراهیمی کوڕی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراو بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خاکەلێوە، فەخرەدین ئیبراهیمی پاش ڕۆیشتن بۆ لقی ٩ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

فەخرەدین ئیبراهیمی ڕۆژی ٧ی خاکەلێوە بە تۆمەتی "شکاندنی دەرگای پاسەوانیی دادگای پێداچوونەوە"  بانگهێشتی لقی ٩ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ کرابوو.

فەخرەدین ئیبراهیمی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١ ڕۆژێک پێش لەسێدارەدرانی باوکی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی هەینی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ڕۆژی هەینی، ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١ مەحیەدین ئیبراهیمی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆ لە زیندانی ورمێ لە سێدارە درا.

کۆماری ئیسلامی لە ڕادەستکردنەوەی تەرمی ناوبراو بە بنەماڵەکەی خۆی بوارد و تەرمەکەی لە شوێنیکی نادیاردا ئەسپەردەی خاک کرد.

ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسێتیی نەغەدە هۆکاری مەرگی ناوبراوی "سزای یاسایی" ڕاگەیاندووە.