گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی جەماڵ ئەعزەمی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

16:25 - 4 جۆزەردان 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١، جەماڵ ئەعزەمی، خۆپیشاندەری خەڵکی پیرباوا، دانیشتووی جوانڕۆ، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

لەم ڕۆژەدا، ٤ خۆپیشاندەری دیکەی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوەکانی "جەوهەر فەتاحی، تەحسین میری، ئیسماعیل گوڵ‌عەنبەر و مەسعوود تەیمووری" بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانیان لەدەست دا.

کوردپا لە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە نزیکانی جەماڵ ئەعزەمی، شێوازی قەتڵی حکوومەتیی ناوبراو دەگێڕیتەوە.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی جەماڵ ئەعزەمی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا، شەوی یەکشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١، پاش گیانلەدەستدانی بەهادین وەیسی و عرفان کاکایی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، جەماڵ ئەعزەمی ڕۆژی دواتر لە بەخاکسپاردنی ئەم دوو خۆپیشاندەرە لە گۆڕستانی جوانڕۆ بەشداریی کرد و خۆپیشاندەران پاش گەڕانەوە لە گۆڕستان بە وتنەوەی دروشمی دژەحکوومەتی، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لە جوانڕۆ ڕێک خست.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ناڕازییان بەشێوی هێمنانە ناڕەزایەتییەکەیان دەست پێ کرد و خوازیاری ناساندنی بکوژانی عرفان کاکایی و بەهادین وەیسی بوون کە هێزە سەرکوتکەرەکان تەقەیان لێ کردن و لە ئاکامدا دوو خۆپیشاندەر بریندار بوون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: بە قووڵبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان، جەوهەر فەتاحی، جەماڵ ئەعزەمی و تەحسین میری لە شەقامی "ئەنسار"ی جوانڕۆ بریندار بوون؛ جەماڵ لە هەوڵی ڕزگارکردنی جەوهەردا بوو کە لە پشتەوە بە دۆشکا تەقەی لێ کرا و لەکاتێکدا کە خوێنێکی زۆری لێ ڕۆیشتبوو، کەسێکی خەڵکی جوانڕۆ، ڕایگواستبوو بۆ ماڵی باوکی، پاش چەند کاتژمێر جەماڵ ئەعزەمی لە کاتی ڕاگواستنی لەلایەن نزیکەکانییەوە بۆ نەخۆشخانەی جوانڕۆ گیانی لەدەست دا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تەرمی جەماڵ ئەعزەمی لە ڕێگەی نزیکەکانیەوە و پێش لەوەی کە هێزە سەرکوتکەرەکان بتوانن تەرمەکەی بدزن، لە نەخۆشخانە برایە دەرەوە و هەمان ڕۆژ بە خاک سپێردرا.

برینداربوونی برای جەماڵ ئەعزەمی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا و گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ سەر بنەماڵەی ناوبراو؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: هیزە سەرکوتکەرەکان لە ڕێگەی جیاوازەوە بۆ تۆمارکردنی ناوی جەماڵ ئەعزەمی لە بونیاد شەهید و پێدانی دیە هەوڵیان دا، بەڵام بنەماڵەی ئەعزەمی ئەم داخوازییەیان ڕەت کردەوە و خوازیاری سزادانی بکوژی کوڕەکەیان بوون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەدا وتی: پاش ڕەتکردنەوەی داواکاریی هێزە سەرکوتکەرەکان لەلایەن بنەماڵەی ئەعزەمییەوە، هێزە سەرکوتکەرەکان هەڕەشەی دەسبەسەرکردنیان لێ کردن.

پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕيسمی سێ ڕۆژە، حەفتە و چلەی جەماڵ ئەعزەمی؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند:هێزە سەرکوتکەرەکان ئیزنی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سێ ڕۆژە و حەفتەی جەماڵ ئەعزەمییان بە بنەماڵەکەی نەدا؛ ڕۆژی شەممە، ١٠ی بەفرانباری ١٤٠١، بڕیار بوو ڕێوڕەسمی چلەی عرفان کاکایی، بەهادین وەیسی، جەوهەر فەتاحی، جەماڵ ئەعزەمی، تەحسین میری، ئیسماعیل گوڵ‌عەنبەر و مەسعوود تەیمووری بە بەشداریی بەرچاوی خەڵک لە گۆڕستانی جوانڕۆ بەڕێوە بچێت کە هێزە سەرکوتکەرەکان بە گەمارۆدانی گۆڕستانەکە و تەقەکردن و فڕیدانی گازی فرمێسکڕێژ بۆ خەڵک، پێشیان بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەکەیان گرت و لەم ڕۆژەدا خۆپیشاندەرێک بە ناوی "بورهان ئێلیاسی"، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

ئەم سەرچاوەیە وتی" پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی پێوەندیدار بە گیانلەدەستدانی جەماڵ ئەعزەمی لە میدیاکاندا، گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەکەی زیادی کرد.

جەماڵ ئەعزەمی؛

جەماڵ ئەعزەمی، کوڕی عەبدوڵڵا و زیوە، لەدایکبووی ڕەشەمەی ١٣٦٦ بووە. ناوبراو خوێندنی هەتا قۆناغی دواناوەندی درێژە داوە و وەکوو تێکنێسییەنی کارەبا کاری کردووە.

جەماڵ ئەعزەمی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨یشدا، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بریندار ببوو و ١٠٠ ساچمە بەر لاشەی کەتبوو کە لە یەکێک لە ماڵەکانی جوانڕۆدا لەلایەن پزیشکانی خۆبەخشەوە چارەسەری بۆ کرابوو.

ناوبراو لە ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپاریزیی جوانڕۆ و ئەنجومەنی پارێزگاری لە ئاژەڵان بووە.