ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و سکاڵاکەرانی دۆسییەی سوعدا خەدیرزادە پێشیان بە ناردنی ناوبراو بۆ مورەخەسی گرت

11:16 - 4 جۆزەردان 2723

ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و سکاڵاکەرانی دۆسییەی سوعدا خەدیرزادە، زیندانیی سیاسیی کوردی زیندانی لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێ، پێشیان بە ناردنی ناوبراو بۆ مورەخەسی گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دادگا بەنیسبەت داواکاریی مورەخەسیی ئەم زیندانییە سیاسییە بە بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی ڕەزامەندیی دەربڕیبوو و بنەماڵەکەشی بارمتەکەیان دابین کردبوو.

ئەم سەرچاوەیە وتی: پاش تەواوبوونی ڕەوتی یاسایی و پێدانی مورەخەسی بە سوعدا خەدیرزادە، ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و سکاڵاکەرانی ئەم دۆسییەیە، بە دەربڕینی ناڕەزایەتی پێشیان بە ناردنی ناوبراو بۆ مورەخەسی گرت.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سکاڵاکەرانی دۆسییەی سوعدا خەدیرزادە و بەتایبەت یەکێک لە سکاڵاکەرانی دۆسییەکە بە ناوی " موراد پیرۆتی‌نیا"، کوڕی خزر پیرۆتی‌نیا، ئەندامی سپای پاسداران کە ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا، داوایان لە دادگا کرد کە سزای قورس بۆ سوعدا دیاری بکرێ.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و سکاڵاکەرانی دۆسییەکە، دادگا بارمتەکەی لە ٣ میلیاردەوە بۆ ٥ میلیارد گۆڕی.

ئەم زیندانییە سیاسییە پێشتر دوو جار داوای مورەخەسیی کردبوو و بەرپرسانی زیندانی ورمێ بە هۆی دژایەتیی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار، داواکارییەکەیان ڕەت کردبووەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لەگەڵ منداڵە ١١ مانگانەکەی بە ناوی "سۆلینا" لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێدایە.

لقی ٣ی دادگای کەیفەری یەکی نیشتەجێ لە مەهاباد، سوعدا خەدیرزادەی بە ١٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد و ئەم حوکمە، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠١ بە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەندرا.

یەکەمین کۆبوونەوەی دادگاییکرانی سوعدا خەدیرزادە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی خەرمانانی ١٤٠١، بەشێوەی ئانلاین لە لقی ٣ی دادگای کەیفەری یەکی نیشتەجێ لە شاری مەهاباد بە بەشداریی ئەم زیندانییە سیاسییە، پارێزەرەکەی و سکاڵاکەرانی دۆسییەکە بەڕێوە چوو.

پارێزەری سوعدا خەدیرزادە دوای ئەوەی کە لەلایەن سکالاکەرانی دۆسییەکەوە هەڕەشەی لێ کرا، بە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییەی ڕاگەیاند کە چیدیکە ناتوانێ درێژە بە کارەکەی خۆی بدا و دۆسییەکەی ڕادەست کردەوە.

٤ی خەرمانانی ١٤٠١، کۆمەڵێک لە چالاکانی مافەکانی ژنان داوای ئازادیی خێرا و بێمەرجی سوعدا و منداڵەکەیان کرد.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژ، سوعدا خەدیرزادە کاتێک هەموو زیندانییەکان لە کاتی خەو و حەوانەدا بوون، بە کەڵکوەرگرتن لە ڕووسەرییەکەی خۆی، هەوڵی خۆهەڵواسینی خۆی دابوو کە بە هەوڵی زیندانییەکان لەو خۆکوژییە ڕزگاری بوو.

ئەو هەوڵەی سوعدا خەدیرزادە لە ئەنجامی ناڕەزایەتی بە ناڕوونیی چارەنووسی لە زیندانی ورمێ، گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و وەرنەگرتنی بارمتە و هێنانەوەی بیانووی جۆراوجۆر بۆ پێشگرتن لە ئازادیی کاتیی ئەو زیندانییە بووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لەدایکبووی ٣ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوییە و لە کاتێکدا کە تەمەنی ٩ ساڵان بووە، باوکی لەدەست داوە و دایکیشی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، کۆچی دوایی کردووە.

 ئەو زیندانییە سیاسییە سێ خوشکی هەیە کە ئەوانیش ژیانی هاوبەشیان پێکهێناوە. هەروەها سوعدا بەهۆی هەژاری و دەستکورتی نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات.

لقی ٣ی دادگای کەیفەریی ١، جێگیر لە شاری مەهاباد، بۆ ئازادکردنی کاتیی سوعدا خەدیرزادە زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی پیرانشار بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی دیاری کردووە.

سوعدا خەدیرزادە، کە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردان منداڵەکەی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ لەدایک ببوو، پاش ڕۆژێک لە نەشتەرگەریی سزارییەن، ڕۆژی سێشەممە ٣١ی جۆزەردان بۆ زیندانی ورمێ گەڕێندرابووەوە.

تۆمارکردنی کاروباری ئیداری و دانی باری کەسیەتی (شناسنامە) بۆ کچەکەی سوعدا، خراوەتە پاش ئازادبوونی لە زیندان.

ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ، سوعدا خەدیرزادە لە بەندی "نسوانـ"ـی زیندانی ورمێ مانی لە خواردن و دەوا و دەرمان گرتبوو.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە دژکردەوەیەکدا، لەمەڕ بارودۆخی تەندروستیی سوعدا خەدیرزادە ڕایگەیاندبوو: "دەسبەسەرکردنی سوعدا دژایەتیی لەگەڵ پێوەرەکانی دادڕەسیی دادوەرانە هەیە و لە ڕوانگەی یاسا نێونەتەوەییەکانەوە ئەم کارە خۆسەرانە دێتە ئەژمار."

پێشتر ئەو هاووڵاتییە لە دوو نامەدا بۆ دادستانی پیرانشار خوازیاری گۆڕینەوەی بڕیاری کاتیی دەسبەسەری بە بارمتەی کردبوو، بەڵام دادستان و بەرپرسی دۆسییەکەی لەگەڵ ئەو داخوازییە دژایەتییان کردبوو.

سوعدا خەدیرزادە لەو داخوازییەدا ڕایگەیاندبوو کە لە زینداندا لە بارودۆخێکی خراپدایە و بەهۆی زەختی خوێن، تووشبوونی گورچیلەی بە نەخۆشی و پشتئێشە و مانەوە لە زیندان، ژیانی ئەویان تاڵ کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەی ١٤٠٠ ئەو ژنە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠ هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت ئەم هاووڵاتییەیان بە بێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەسبەسەر کردبوو.

تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.