گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی شاهۆ بەهمەنی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

10:29 - 4 جۆزەردان 2723

٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، شاهۆ بەهمەنی خەڵکی گوندی "تازاوای ئاسف" سەر بە شاری دیواندەرە، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

ئەم خۆپیشاندەرە پاش گەڕانەوە لە ڕێوڕەسمی چلەی پەیمان مینبەری، داریووش عەلیزادە، یەحیا ڕەحیمی و محەممەد ئەمینی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و دەسپێکی بەربڵاوی ناڕەزایەتییەکان، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

کوردپا لە وتوویژ لەگەڵ یەکێک لە نزیکانی شاهۆ بەهمەنی، شێوازی قەتڵی حکوومەتیی ناوبراو لە ناڕەزایەتییەکاندا دەگێڕێتەوە.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی شاهۆ بەهمەنی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا، شاهۆ بەهمەنی پاش گەڕانەوە لە ڕێوڕەسمی چلەی پەیمان مینبەری، داریووش عەلیزادە، یەحیا ڕەحیمی و محەممەد ئەمینی، لە بەردەم شوینی گۆڕینی پلاکی ماشینەکان لە دەوروبەری گەڕەکی قشڵاخ و سەرەتای شارەکی مەولەویی سنە، بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک، قەفەسەی سینگی بەتوندی بریندار بوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هاوکات لەگەڵ زۆربوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە شاری سنە، بنەماڵەی شاهۆ بەهمەنی پیوەندی بە مۆبایلەکەیەوە دەکەن و یەکێک لە هاوڕێکانی وڵام دەداتەوە و بنەماڵەکەی لە برینداربوونی ئاگادار دەکاتەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: بنەماڵەی شاهۆ بەهمەنی دەچنە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە، بەڵام شاهۆ لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی توندی برینەکەیەوە و لەدەستدانی خوێنی زۆرەوە گیانی لەدەست دابوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: کاتێ کە بنەماڵەی شاهۆ دەچنە نەخۆشخانە، تەرمەکەی دەگوازنەوە بۆ ژووری نەشتەرگەری و پاش هێنانەدەرەوەی تەرمەکەی دەڵێن کە ئەمە تەرمی ژنێکە، بەڵام بنەماڵەی بەهمەنی پێداگری دەکەن و بە دڕینی کیسەکە، دەزانن کە تەرمی شاهۆی تێدایە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تەرمی شاهۆ بەهمەنی بۆ ساردخانەی نەخۆشخانە ڕاگوێزرا و پاش نیو کاتژمێر هیزە سەرکوتکەرەکان هەوڵ دەدەن کە تەرمەکەی بۆ لەشکەر ٢٨ی سنە بگوازنەوە بەڵام بە گوشاری بنەماڵەی بەهمەنی و خەڵک، تەرمی شاهۆ لە ئامبۆڵانسەکە دەردەهێنن.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پاشان هێزە سەرکوتکەرەکان تەقەیان لە خەڵک کرد و بە باتوم براکەی شاهۆیان دایە بەر لێدان.

پێشگرتن لە بەخاکسپاردنی تەرمی شاهۆ بەهمەنی لە گۆڕستانی سنە؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، هێزە سەرکوتکەرەکان ئیزنی بەخاکسپاردنی تەرمی شاهۆیان لە گۆڕستانی سنە بە بنەماڵەکەی نەدا و بنەماڵەی شاهۆ، تەرمەکەیان بۆ گوندی "تازاوای ئاسف" سەر بە دیواندەرە ڕاگواست و لەوێ ئەسپەردەی خاکیان کرد.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: هەرچەند هێزە ئەمنییەتییەکان بنەماڵەی شاهۆیان بانگهێشت نەکرد بەڵام هۆشدارییان پێ دابوون کە لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکان سەبارەت بە شێوازی گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان خۆ ببوێرن.

شاهۆ بەهمەنی؛

شاهۆ بەهمەنی، کوری سدیق و فاتمە، لەدایکبووی ٢٠ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٥ بوو.

ناوبراو خێزاندار بوو، منداڵیکی هەبووە و شۆفێری تاکسی بووە.