دێولان؛ مامۆستا ئارمان سادقی بە زیندان، لێدانی قامچی و وەرگرتنەوەی جلی ئایینی مەحکووم کرا

11:47 - 13 بانەمەڕ 2723

مامۆستا ئارمان سادقی، پێشنوێژی گوندی "حوسەینی" سەر بە دێولان و بەرپرس و مامۆستای قوتابخانەی ئایینیی "محەممەد ڕەسولەڵڵا"ی دێولان لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدانەوە بە ٧ مانگ و نیو زیندان، لێدانی ٧٤ قامچی و وەرگرتنەوەی جلی ئایینی مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دادگا ئەم مامۆستا ئایینییەی بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "تێکدانی بیری گشتی" تۆمەتبار کراوە و حوکمی دەرکراو دژی ناوبراو دەبێ بەڕێوە بچێت.

ئەم حوکمە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە مامۆستا ئارمان سادقی ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١، مامۆستا ئارمان سادقی، پێشنوێژی گوندی "حوسێنی" سەر بە دێولان لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان تۆمەتەکەی پێ ڕاگەیەندرا و بە کەفالەت ئازاد کرا.

ئەم مامۆستا ئایینییە پاش پاڵپشتی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بانگهێشتی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان کرابوو.