گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی ئازاد حوسێن‌پووری، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی، ژن، ژیان، ئازادی

17:40 - 3 جۆزەردان 2723

شەوی پێنجشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئازاد حوسێن‌پووری، پزیشکی ددان و خۆپیشاندەری دانیشتووی مەهاباد لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

ئەم خۆپیشاندەرە لە ڕاگواستنی برینداران بۆ شوێنی ئەمن و چارەسەری برینەکانیان، دەوری سەرەکیی گیڕاوە و بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانەوە گیانی لەدەست داوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەم خۆپیشاندەرە لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا، شێوازی قەتڵی حکوومەتیی ئازاد حوسێن‌پوور دەگێڕێتەوە.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی ئازاد حوسێن‌پووری:

ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا وتی: شەوی پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئازاد حوسێن‌پووری لە گەڕەکی "بەری شیلانان"ی مەهاباد، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە تەقەی لێ کرا و بەهۆی بەرکەوتنی لای چەپی جەستە و دڵی دەسبەجێ گیانی لەدەست دا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بە هۆی بوونی بەرچاوی هێزە سەرکوتکەرەکان لە شاری مەهاباد، لە بردنی ئازاد بۆ نەخۆشخانە و دواتریش لە ترسی دزران، لە ڕاگواستنی تەرمەکەشی بۆ پزیشکی یاسایی خۆیان بوارد.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکان هەوڵیان دا کە تەرمی ئازاد بدۆزنەوە و لەگەڵ خۆیانی ببەن، هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کرد و تەنانەت پیشنیاری دانی پارەیەکی زۆریان پێ کردن، بەڵام بەختەوەرانە نەیانتوانی تەرمەکەی بدۆزنەوە.

دەرنەکردنی گەواهیی گیانلەدەستدان بۆ ئازاد حوسێن‌پووری؛

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: هیچ کاغەزێک نییە و تەنانەت گەواهی گیانلەدەستدانی ئازاد حوسێن‌پووری لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە دەر نەکراوە و پێشنیاری هەڵکۆڵینی تەرمەکەی بۆ دەرکردنی گەواهیی گیانلەدەستدان بە بنەماڵەکەی دراوە کە ئەوان ڕەتیان کرددوەتەوە.

گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی ئازاد حوسێن‌پووری؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: هێزە سەرکوتکەرەکان هەڕەشەیان کردووە کە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئازاد دەبێ بە بێ بەشداریی خەڵک بەڕێوە بچێت، بەڵام سەرەڕای هەڕەشەکان، ڕێوڕەسمەەکە بە بەشداریی بەرچاوەی خەڵک و وتنەوەی دروشم دژی حکوومەت بەڕێوە چوو.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکان بە جلوبەرگی ئاساییەوە لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئازاددا بەشدار بوون.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، لە سەرەتاکانەوە، هەڕەشەی مەرگ و دەسبەسەرکرانیان لە بنەماڵەی ئازاد حوسێن‌پووری دەکرد، بنەماڵەکەیان خستبووە ژێر گوشارەوە کە نابێ هیچ ڕاگەیەندراوێک دەربکرێ کە خەڵک لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشدار بن.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتیشی: هەندێ لاپەڕە کە لەلایەن سایبێرییەکانی حکوومەتەوە بەڕێوە دەچن، دەیانەوێ بە هاودەردی و هێنانەگۆڕیی باسی سیاسی و .... متمانەی بنەماڵەی گیانلەدەستداوان بەدەست بێنن تا بتوانن دواتر دۆسییەسازییان بۆ بکەن. هەروەها دەیانەوێ کەڵئاوەژوو لە هەست و سۆزی بنەماڵەی گیانلەدەستداوان وەربگرن و بە ناساندنی بکوژی گیانلەدەستداوان کە زیاتر کەسانێکی بێتاوان یان مۆرە سووتاوەکانی نیزامن، هەوڵ بۆ درووستکردنی دووبەرەکی لەنێو خەڵکدا بدەن.

ڕۆڵی ئازاد حوسێن‌پووری لە ناڕەزایەتییەکانی مەهاباددا:

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئازاد حوسێن‌پووری پێش گیانلەدەستانی چەند جار بە فیشەکی ساچمەیی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا بریندار ببوو، ناوبراو خەباتکارێکی ئازادیخواز بوو کە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، وەکوو لیدرێکی بەهێز لە شەقامەکاندا بوو. دروستکردنی سەنگەر، وتنەوەی دروشم و هەروەها ڕاگواستنی برینداران بۆ شوێنی ئەمن و چارەسەرکردنی برینەکانیان، هاوکاریی هاوڕێیانی خۆی و ئەو پزیشکانەی کە لەم بزووتنەوەیەدا بەشدار بوون بەشێک لە چالاکییەکانی ناوبراو بوو.

ئازاد حوسێن‌پووری؛

ئازاد حوسێن‌پووری، پزیشکی ددان و خوێندکاری دانیشتووی مەهاباد، کوڕی عەبدوڵڵا و زارا، لەدایکبووی یەکی خاکەلێوەی ١٣٧١ لە پیرانشار بوو.