مامۆستا عەبدولجەبار لوتفی بە زیندان، لێدانی قامچی و وەرگرتنەوەی جلی تایبەتی ڕۆحانییەت مەحکووم کرا

17:29 - 3 جۆزەردان 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی جۆزەردان، مامۆستا عەبدولجەبار لوتفی، مامۆستا و پێشنوێژی مزگەوتی جامێعی ئێرشادی سنە، لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدانەوە بە ٧ مانگ و نیو زیندانی تەعزیری، لێدانی ٧٤ قامچی و وەرگرتنەوەی جلی تایبەتی ڕۆحانییەت مەحکووم کرا.

دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان، ئەم مامۆستا ئایینییە کوردەی بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "تێکدانی بیروڕای گشتی" تۆمەتبار کردووە.

مامۆستا عەبدولجەبار لوتفی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ ئامادەبوون لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان لە ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی جۆزەرداندا، بانگهێشتنامەیەکی پێ گەیشتبوو.

سەرماوەزی ١٤٠١یش، مامۆستا عەبدولجەبار بەهۆی پشتگیری لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بانگهێشتی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان کرابوو.