٧ کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود بریندار کران
20:18 - 2 جۆزەردان 2723
شەوی دووشەممە ١ی جۆزەردان، لانیکەم ٧ کۆڵبەری خەڵکی پاوە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری نەوسوود بریندار کران.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا، شوناسی چوار کەس لەو کۆڵبەرانەی ڕاگەیاند کە بریتین لە: "عارف (پاشناوەکەی ناڕوونە)، خەڵکی پاوە، مەحموود (پاشناوەکەی ناڕوونە) خەڵکی پاوە، جەماڵ (پاشناوەکەی ناڕوونە) خەڵکی گوندی شمشێر، سەر بە شاری پاوە و فەیسەڵ ئەحمەدی خەڵکی گوندی "سەریاس" سەر بە شاری پاوە".
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: فەیسەڵ ئەحمەدی لەم ڕووداوەدا لاقی بریندار بووە و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی پاوە ڕاگوێزراوە و لەوێ نەشتەرگەریی بۆ کراوە.
هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەی ڕاستەوخۆیان لەم کۆڵبەرانە کردووە.