پیرانشار؛ سێ هاووڵاتیی کورد بە زیندان مەحکووم کران

11:43 - 13 بانەمەڕ 2723

سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "جەماڵ عەلیزادە"، "حاسڵ قەدوو" و "عەبدولڕەحمان محەممەدی ئەرشەد" خەڵکی پیرانشار لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئوجاقلوو" بە زیندان مەحکووم کران.

بەپێێ حوکمی دەرکراو، جەماڵ عەلیزادە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ میدیا دژبەرەکان" بە ٣٠ مانگ زیندان، "حاسڵ قەدوو" بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی وڵات" بە چوار ساڵ و ٦ مانگ زیندان و "عەبدولڕەحمان محەممەدی ئەرشەد" بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی وڵات" بە چوار ساڵ و ٦ مانگ زیندان مەحکووم کراون.

حوکمی دادگای سەرەتایی دژی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و بەشێوەی فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١، جەماڵ عەلیزادە بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

عەلیزادە بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەش بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

شەوی سێشەممە ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠١، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی جەماڵ عەلیزادە و بە بێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١یش، حاسڵ قەدوو و عەبدولڕەحمان محەممەدی ئەرشەد هەر کام بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران.

ئەم دوو هاووڵاتییە بە هۆی پاڵپشتی و بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوون.

ئەم دوو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوون.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: جەماڵ عەلیزادە، حاسڵ قەدوو و عەبدولڕەحمان محەممەدی ئەرشەد