پیرانشار؛ ٧ هاووڵاتیی خۆپیشاندەر بە زیندان، سزای نەختی و لێدانی قامچی مەحکووم کران

09:51 - 28 بانەمەڕ 2723

٧ هاووڵاتیی خۆپیشاندەر بە ناوەکانی "تەها ڕەسووڵیان"، تەمەن ٤٦ ساڵ و کوڕی ڕەحمان، "سینا دەشمیر"، تەمەن ٢٠ ساڵ و کوڕی کەماڵ، "ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور"، تەمەن ٣٩ ساڵ و کوڕی عومەر، "موحسن (مستەفا) قادری"، تەمەن ٣٠ ساڵ و کوڕی تاهیر، "چیا شەهیدئەقدەم"، تەمەن ١٩ ساڵ و کوڕی خزر، "عەبدوڵڵا قەنبەری‌وەند"، تەمەن ٤٨ ساڵ و کوڕی حەسەن و هەروەها "مەحموود قەنبەری‌وەند" تەمەن ٤٧ ساڵ کوڕی حەسەن خەڵکی پیرانشار لەلایەن لقی ١٠٢ ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو"، بە زیندان، سزای نەختی و لێدانی قامچی مەحکووم کران.

بەپێی حوکمی دەرکراو دژی ئەم ٧ هاووڵاتییە، تەها ڕەسووڵیان بەبۆنەی تۆمەتی وەپاڵدراوی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بە دانی ٥٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی بە حیسابی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سێ مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٤٠ قامچی بۆ هەموو جەستەی جگە لە سەر، دەموچاو و شوێنی هەستیار و تایبەتیی لەشی و لە شوێنێکی بەستراو و بەدوور لە چاوی خەڵکی، سینا دەشمیر بە تۆمەتی وەپاڵدراوی " تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بە دانی ٥٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی بە حیسابی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سێ مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٤٠ قامچی بۆ هەموو جەستەی جگە لە سەر، دەموچاو و شوێنی هەستیار و تایبەتیی لەشی و لە شوێنێکی بەستراو و بەدوور لە چاوی خەڵکی و ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بە دانی ٥٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی بە حیسابی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سێ مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٤٠ قامچی بۆ هەموو جەستەی جگە لە سەر، دەموچاو و شوێنی هەستیار و تایبەتیی لەشی و لە شوێنێکی بەستراو و بەدوور لە چاوی خەڵکی، موحسن(مستەفا) قادری بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بە دانی ٥٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی بە حیسابی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سێ مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٤٠ قامچی بۆ هەموو جەستەی جگە لە سەر، دەموچاو و شوێنی هەستیار و تایبەتیی لەشی و لە شوێنێکی بەستراو و بەدوور لە چاوی خەڵکی، چیا شەهیدئەقدەم بە تۆمەتی "هاتوچۆی نایاسایی لە سنوورەکانی وڵات" بە دانی ٥٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی بە حیسابی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەبدوڵڵا قەنبەری‌وەند بە تۆمەتی "بەشداری لە دروستکردنی ٢ دانە کۆکتێل مۆلۆتۆف" بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری و دانی ٢ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی بە حیسابی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و مەحموود قەنبەری‌وەند بە تۆمەتی "هاوکاری لە دروستکردنی چەکی ساچمەیی بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی "هاوکاری لە دروستکردنی دوو چەکی جەنگی" بە ٧ ساڵ و ٦ مانگ و ڕۆژێک زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی "هاوکاری لە ڕاگرتنی سێ فیشەکی جەنگی" بە سێ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی "بەشداری لە دروستکردنی ٢٠ کۆکتێل مۆلۆتۆف" بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی تەعزیزی مەحکووم کراون.

دادگا بە سەرنجدان بە یاسای زۆرترین سزا، بۆ مەحموود قەنبەری‌وەند، ٧ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی، بە یەک دەرجە کەمکردنەوە بۆ ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کردەوە و سەبارەت بە جێبەجێبوونی ٤ ساڵ زیندانی تەعزیریی ناوبراو، نیوەی ئەم ماوە واتە ٢ ساڵی بە حوکمی تەعلیقی گۆڕیوە.

ئەم حەکمە ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بانەمەڕ بەم کەسانە ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١، تەها ڕەسووڵیان، چالاکی مەدەنیی خەڵکی پیرانشار بە دانانی بارمتەی ٥ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

تەها ڕەسووڵیان پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتییەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەمە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، تەها ڕەسووڵیان بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١، سینا دەشمیر و موحسن قادری، خەڵکی گوندی "گەزگەسک" سەر بە پیرانشار هەرکامەیان بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوون.

ئەم دوو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوون.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئەحمەد عەبدوڵلاپوور، خەڵکی پیرانشار بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

چیا شەهیدئەقدەم، عەبدوڵڵا قەنبەری‌وەند و مەحموود قەنبەری‌وەند لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

وێنە: سینا دەشمیر، موحسن قادری، ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور و تەها ڕەسووڵیان