کەماڵ پیشوەند، لە برینداربووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بینایی چاوێکی خۆی لەدەست دا

09:49 - 24 بانەمەڕ 2723

زۆربەی برینداربووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان چاویان بریندار ببوو، لە ترسی دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە لە ڕۆیشتن بۆ ناوەندە دەرمانییەکان و بەتایبەت نەخۆشخانە دەوڵەتییان خۆیان بواردبوو و لە ماڵەوە لەلایەن پزیشکی جێی باوەڕەوە چارەسەریان بۆ کرابوو.

بەهۆی دۆخی ئەمنییەتیی توند، ئامارێکی ورد لەو ناڕازییانەی کە چاویان لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا بریندار بووە لەبەر دەستدا نییە و سەرەتای سەماوەزی ١٤٠١، دەیان پزیشکی پسپۆڕی چاو لە ئێراندا بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک بەنیسبەت کەڵکوەرگرتن لە فیشەکی ساچمەیی و پینێت باڵ لە سەرکوتی ناڕازییان و لەدەستدانی بینایی چاوەکانیان هۆشداریان دابوو.

کوردپا شێوازی برینداربوونی چاوی چەپی کەماڵ پیشوەند، بە هۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان لە زمانی یەکێک لە نزیکانی ناوبراوەوە دەگێڕێتەوە.

شێوازی برینداربوونی کەماڵ پیشوەند لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا؛

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، کاتژمێر ٨ی شەوی ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠١، هێزە سەرکوتکەرەکان لە شەقامی مەنبەعی مەهاباد لە مەودای ٢٠ میترییەوە تەقەیان لە ناڕزاییان کرد. یەکێک لە ناڕازییان خۆی بەسەر کەماڵدا دا تاکوو ڕزگاری بکا کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بە سێ ساچمە چاوی بریندار بوو، دواتریش کەماڵ لەلایەن چەند هاووڵاتییەکەوە بردرایە کۆڵانێکی چۆڵ بەڵام چاوی بەتوندی بریندار ببوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: کەماڵ پیشوەند بۆ ماڵی یەکێک لە ناسیاوەکانی لە نزیک شەقامی مەنبەع گوازرایەوە و پاش خاوێنکردنەوە و شوشتنی چاوی، تلفۆنیان بۆ نەخۆشخانەی مەهاباد کرد کە پێیان ڕاگەیاندن بەهۆی زۆریی هێزە سەرکوتکەرەکان لە نەخۆشخانەدا ئەگەری دەسبەسەرکرانی هەیە.

ڕاگواستنی کەماڵ پیشوەند بۆ نەخۆشخانەی فارابیی تاران؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: کەماڵ پیشوەند بۆ نەخۆشخانەی فارابیی تاران ڕاگوێزرا، لەوێ پێیان وت ئەگەر بچێتە نێو نەخۆشخانەکە ئەگەری هەیە دەسبەسەر بکرێ، بۆیە لەوێوە بۆ نەخۆشخانەی نیکووکاریی تەوریز ڕاگوێزرا و پاش پشکنین دەسبەجێ لەوێ خەوێندرا.

لەنێوچوونی لێنز، تۆڕ و بیلبیلەی چاوی ئەم هاوولاتییە کوردە؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا وتی: لە نەخۆشخانەی نیکووکاریدا، پزیشکەکە بە کەماڵی وتبوو کە تۆڕ و بیلبیلەی چاوی لەنێو چووە، ڕۆژێک دواتر لە نەخۆشخانەدا چڵکی چاوەکەیان دەرکرد و پاش یەک حەفتە، نەشتەرگەریی دووهەمیان بۆ چاوی کرد و بیلبیلەی چاویان چاک کردەوە و دەرمانی تایبەتیان کردە چاویەوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، کەماڵ بۆ ماوەی سێ مانگ، هەر ٢٠ ڕۆژ جارێک سەردانی پزیشکی دەکرد و پاش سێ مانگ پزیشکەکە پێی وت کە بیلبیلەی چاوی دەبێ پێوەند بدرێتەوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە کەماڵ بۆ پێوەنددانەوەی بیلبیلەی چاوی سەردانی نەخۆشخانەکانی شیراز، تاران و ئێسفەهانی کردبوو، لە تاران پێیان وتبوو کە چاوی بەهۆی لەدەستدانی بیلبیلە نابینا بووە و ناتوانن کارێکی بۆ بکەن.

ئەم سەرچاوەیە وتی: پزیشکەکەی کەماڵ پێی وتبوو بە هۆی لەدەستدانی بیلبیلەی چاوی، پێوەنددانەوی بیلبیلە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بیناییەکەی نابێ و هەتا ئەو کاتەی کە تۆڕی چاوی چاک نەکرێتەوە هیچ بەڵێنێک ناتوانێ بدرێ.

بە وتەی پزیشکەکان، نەشتەرگەریی چاوی ئەم هاووڵاتییە لە ئێراندا ناکرێ و ئەگەر تا ئەو کاتە چاوی بە ساغی بمێنێتەوە دەبێ بچێتە دەرەوەی ئێران و ئەگەریش بە ساغی نەمێنێ کە دەبێ چاوی هەڵکۆڵدرێ.