ڕاگواستنی ئاروین نیک‌پەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ زیندانی مەریوان

20:23 - 21 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی بانەمەڕ، ئاروین نیک‌پەی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان، لە گرتنگەی ئیداری ئیتلاعاتی مەریوانەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

ئاروین نیک‌پەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریواندا هەوڵی خۆکوژیی دابوو و ڕۆژی شەممە ١٦ی بانەمەڕ پاش ئەم هەوڵە، بە ئامبوڵانس لە گرتنگەی ئیداری ئیتلاعەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فەجری مەریوان ڕاگوێزرابوو.

دۆخی تەندروستیی دایکی ئاروین پاش ئاگاداربوونەوە لە هەوڵی کوڕەکەی بۆ خۆکوژی تێک چووە و بەهۆی نالەباربوونی دۆخی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتیی ئەم لاوە کوردە ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خاکەلێوە درێژ کرابووەوە.

ئاروین نیک‌پەی تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێش لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریواندا لەژێر گوشاردا بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠١ ئەم هاووڵاتییە کوردە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو و پاش ڕۆژێک دیسانەوە گەڕێندرابووەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات.

ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئاروین نیک‌پەی تەمەن ٢٠ ساڵ کوڕی حەسەن بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە لە مەریوان دەسبەسەر کرابوو و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەم لاوە، شەوی سێشەممە ١١ی ڕێبەندان هێرشیان بردبووە سەر ماڵی ناوبراو لە گوندی "نێ" و دەستیان بەسەر لەپتاب و مۆبایلەکەیدا گرتبوو.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئاروین زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.