سوهەیلا حیجاب، زیندانیی سیاسی لە زیندانی کرماشان ئازاد کرا

17:35 - 12 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی دووشەممە ١١ی بانەمەڕ، سوهەیلا حیجاب، زیندانیی سیاسی لە زیندانی کرماشان ئازاد کرا.

مەجید حیجاب برای ئەم زیندانییە سیاسییە بە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسیویەتی: "خوشکم سوهەیلا حیجاب کە لە مورەخەسی دەرمانیدا بووە پاش ڕۆیشتنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی کرماشان حوکمی ئازادیی خۆی وەرگرتووە. بە هیوای ئازادیی هەموو زیندانییان بە هەر بۆچوون و ڕوانگەیەکی جیاوازە. "

سوهەیلا حیجاب جۆزەردانی ١٣٩٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ٢٤ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

"سوهەیلا حیجاب" لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "محەممەد موقیسە" بە تۆمەتگەلی وەک "پڕوپاگەندە دژی نیزام، کۆبوونەوە و تەبانی، تێکدانی بیروڕای گشتی بەمەبەستی ئاژاوەنانەوە، دروستکردنی گرووپی نایاسایی سەرجەم بە ١٨ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو کە بەپێی ماددەی ١٣٤ بەرزترین ئاستی سزا واتە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ ناوبراو جێبەجێ کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٩، پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمی دادگای سەرەتایی لەلایەن لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران دەسبەسەر و بەمەبەستی جێبەجێبوونی ماوەی زیندانییەکەی بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین ڕاگوێزرا. دواتریش سوهەیلا حیجاب لە زیندانی قەرچەکی وەرامینەوە بۆ زیندانی سنە دوور خرایەوە و ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٠ بۆ کانوونی ئیسڵاح و تەربییەتی کرماشان ڕاگوێزرا.