سنە؛ دەسبەسەرکرانی مامۆستایەکی خانەنشینکراو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

09:58 - 20 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بانەمەڕ، فاتح عوسمانی، مامۆستای خانەنشینکراوی قۆناغی سەرەتایی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایانی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەم مامۆستایە پاش دەسبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و سەبارەت بەو ناوەندەی کە دەسبەسەری کردووە و هەروەها شوێنی ڕاگیرانیشی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بانەمەڕ، فەرزاد سەفیخانپوور، مامۆستای کۆمەڵناسی و لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایانی سنە لە ڕەوتی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا، لەلایەن پۆلیسەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بانەمەڕ هێزە سەرکوتکەرەکان لە شەقامی "ئێکباتان"ی سنە، ئیزنی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بە مامۆستایان نەدا و لە شەقامی "تاڵەقانی"دا هێرشیان کردە سەر مامۆستایان و لێیان دان.

مامۆستایانی ناڕازی بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شەقامدا، دروشمگەلێک وەکوو "ژن، ژیان، ئازادی" و "مامۆستای زیندانی دەبێ ئازاد بکرێ"یان وتەوە.

مامۆستایان بەپێی ڕاگەیەندراوی شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بانەمەڕ لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە پێڕانەگەیشتن بە داخوازییەکانیان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان کۆبوونەوە.