سیاوەش حەیاتی بەمەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بانگهێشت کرا

09:38 - 18 بانەمەڕ 2723

سیاوەش حەیاتی وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان و دەبیری بەرەی یەکگرتووی کورد بۆ جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی بانگهێشتی لقی یەکی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شاباد کرا.

حەیاتی بەپێی بانگهێشتنامەیەک کە ڕۆژی شەممە ١٦ی بانەمەڕ بەدەستی گەیشتووە دەبێ لە ماوەی ٥ ڕۆژدا بەمەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی خۆی بە لقی یەکی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاباد بناسێنێ.

سیاوەش حەیاتی ڕۆژی هەینی، یەکی ڕەزبەری ١٤٠١ لە گوندی "ورگمە" سەر بە شاری داڵاهۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لە دەسپێکی دەسبەسەرکرانیدا مانی لە خواردن گرت.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ٤ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە بۆ زیندانی دێزڵاوا ڕاگوێزرا و ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ بە کەفالەت ئازاد کرا.

حەیاتی دواتر لەلایەن لقی ٥ی دادگای ئینقلابی کرماشان، هەڵکەوتوو لە شاباد بە تۆمەتی "چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ تلویزیۆن و میدیا دژبەرەکان و ناوبردن لە  کوژراوانی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانە و بە زاڵم ناوبردنی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە پشتبەستن بە ماددەی ٥٠٠ی یاسای سزای ئیسلامی بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

یەکێکی دیکە لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی حەیاتی "هاندانی خەڵک بۆ کوشتن و شەڕ بەمەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات" بووە کە دادگا بە هۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ناوبراوی لەم تۆمەتە بێتاوان ناساند.

ڕۆژی ٩ی سەرماوەز، سیاوەش حەیاتی و هاوڕێکانی کە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوەکانی ئازادکراو لە ڕێوڕەسمی ٢٧ی خەزەڵوەر لە کرماشانەوە چووبوونە شاری سەحنە، لە کاتی گەڕانەوە بۆ کرماشان لە خاڵی پشکنینی بێستوون، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر و ئازا و ئەشکەنجە درابوون.

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٠، سیاوەش حەیاتی پاش ٣٣ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتە لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان ئازاد کرا و ڕەشەمەی ١٤٠١ بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نێوخۆیی" بانگهێشتی لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سەحنە کرا.