زیندانی مەهاباد؛ ئیرەج سۆفی محەممەد مانی لە خواردن گرت

00:08 - 18 بانەمەڕ 2723

ئیرەج سۆفی محەممەد زیندانیی مەزهەبی بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە دۆخی خۆی لە زیندانی مەهاباد، مانی لە خواردن گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: ئەم زیندانییە مەزهەبییە لە زیندانی بازە و ڕۆژی هەینی ١٥ی بانەمەڕ بە فەرمانی دادستانی گشتیی مەهاباد بۆ زیندان ڕاگوێزراوە؛ ناوبراو لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە دۆخی نالەباری خۆی مانی لە خواردن گرتووە.

ڕۆژی شەممە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠، ئیرەج سۆفی محەممەد لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی لەمەڕ ڕاگواستنی بۆ زیندانی مەهاباد مانی لە خواردن گرت کە پاش ئەم مانگرتنە بۆ یەکێک لە ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠، ئەم زیندانییە مەزهەبییە لەسەر بەڵێنی بەرپرسانی زیندان لەمەڕ ڕاگواستنی بۆ زیندانی مەهاباد مانگرتنەکەی کۆتایی پێ هێنا و پاشان بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرا.

مانگی بانەمەڕی ٩٩، ئەم هاووڵاتییەی خەڵكی مەهاباد بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکان" لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" بە ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیزی مەحکووم کرا و ئەم حوکمە بەپێی گەلاڵەی کەمکردنەوەی سزا تەعزیرییەکان بۆ ١٠ ساڵ کەم کرایەوە.

ئیرەج سۆفی محەممەد ساڵی ٩٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە ساڵی ٩٦دا بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپی ئەنسارولئیسلام" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ بە ١٨ مانگ زیندانی تەعزیزی مەحکووم کرابوو کە پاش کۆتاییهاتنی ئەم ماوەیە ساڵی ٩٧ لە زیندانی ورمێ ئازاد کرابوو.