سووتاندنی جەستەی ئاسۆ یاری، وەرزشوانی ناڕازیی خەڵكی جوانڕۆ لە گرتنگە

00:05 - 18 بانەمەڕ 2723

پاش ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان لە شاری جوانڕۆ، ٨ هاووڵاتیی ناڕازی بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکی بەرچاویش بریندار بوون.

هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە خۆپیشاندەرانی دەسبەسەرکراون، ئازار و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییان داون.

ئاسۆ یاری، وەرزشوانی ناڕازیی خەڵکی جوانڕۆ کە ناچار بە چوونەدەرەوە لە ئێران بوو سەبارەت بە پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان و هاتنەدەرەوە لە تیمی میللیی ئێران بە کوردپای وت: من لە ساڵی ١٤٠١ بۆ جاری دووهەم لە کێبڕکێی هەڵبژاردەی تیمی میللیی لەشجوانی بووم بە قارەمان و ئیزنی بەشداری لە تیمی میللیی ئێران بۆ بەشداری لە کێبڕکێیە جیهانییەکانم وەرگرت کە پاش بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و پاڵپشتی لەم بزووتنەوەیە لە تیمی میللی هاتمە دەرەوە و ئامادە نەبووم لە چوارچێوەی ئەو تیمە و ئاڵای کۆماری ئیسلامیی ئێراندا یاری بکەم کە بە هۆی ئەم بڕیارەوە بۆ ماوەی دوو مانگ لە شوێنێکی گونجاو مامەوە و هاتوچۆی ماڵی خۆمان لە جوانڕۆم نەکرد.

ئاسۆ یاری ڕایگەیاند: ڕۆژی چلەی گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکان، گەڕامەوە بۆ جوانڕۆ و لە ناڕەزایەتییەکاندا بەشداریم کرد، لەحاڵێکدا کە لە شەقامدا ماشینم لێدەخوڕی سێ ماشینی شەخسی بە بێ پلاک لە سێ لاوە هێرشیان کردە سەرم و تەقەیان لێ کردم و من هەڵاتم، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر هێزە سەرکوتکەرەکان شوێنم کەوتن و ماشینەکەمیان دایە بەر دەسڕێژ، بەڵام بەختەوەرانە توانیم هەڵێم و خۆم بگەیێنمە شوێنێکی گونجاو.

هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ سەر ماڵی خوشکی ئاسۆ یاری بە بێ بەڵگەی یاسایی؛

ئەم وەرزشکارە ناڕازییە سەبارەت بە شێوازی دەسبەسەرکرانی خۆی لە ماڵی خوشکەکەیدا وتی: تا چوار ڕۆژ پاش ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی چلەی گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی جوانڕۆ، من لە ماڵی خوشکمدا مامەوە و ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی بەفرانباری ١٤٠١ کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کە نزیک بە ٤٠ کەس دەبوون دەرکە و پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاند و بە لێدان دەسبەسەریان کردم و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی جوانڕۆیان ڕاگواستم.

سووتاندنی جەستەی ئەم ڕاهێنەری لەشجوانییە لە گرتنگە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ؛

ئاسۆ یاری لەمبارەوە وتی: لە ئیدارەی ئیتلاعاتی جوانڕۆدا سەر، پشت و لاقی بریندار و جەستەیان سووتاندم و پاش چەند کاتژمێر ئەشکەنجەکردن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ڕایانگواستم.

ناوبراو وتی: نزیک بە ٨ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا بووم و پاش ئەوەی کە نەیانتوانی دانپێدانانی زۆرەملێم لێ وەربگرن ڕایانگواستم بۆ زیندانی دێزڵاوا و پاش ١٨ ڕۆژ دەسبەسەربوونی کاتی، ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرام و بە هۆی ئەو تۆمەتە قورسانەی کە وەپاڵیان دابووم نەچوومە دادگا و پاش دەرچوونی حوکمی دەسبەسەرکردنم ئێرانم بەجێ هێشت.

تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم وەرزشکارە، چالاکی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی، بێڕێزی بە پیرۆزییەکان و ڕێبەری، لەنێوبردنی کەرەستەی گشتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە و ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئاسۆ یاری کوڕی قادر و مەلیحە، لەدایکبووی ١١ی خاکەلێوەی ١٣٧٨ لە جوانڕۆیە.