مەریوان؛ ئاروین نیک‌پەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات هەوڵی خۆکوژیی داوە

10:05 - 17 بانەمەڕ 2723

ئاروین نیک‌پەی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە هەوڵی خۆکوژیی داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی شەممە ١٦ی بانەمەڕ، ئەم لاوە کوردە پاش هەوڵدان بۆ خۆکوژی بە ئامبوڵانس لە ئیدارەی ئیتلاعەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فەجری مەریوان ڕاگوێزراوە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: دۆخی تەندروستیی ئاروین ناجێگیرە و لە نەخۆشخانەدا لەژێر چاوەدێریی چڕدایە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: دۆخی تەندروستیی دایکی ئاروین پاش ئاگاداربوونەوە لە هەوڵی کوڕەکەی بۆ خۆکوژی تێک چووە و بەهۆی نالەباربوونی دۆخی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتیی ئەم لاوە کوردە ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خاکەلێوە درێژ کرابووەوە.

ئاروین نیک‌پەی تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێش لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریواندا لەژێر گوشاردا بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠١ ئەم هاووڵاتییە کوردە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو و پاش ڕۆژێک دیسانەوە گەڕێندرابووەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات.

ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئاروین نیک‌پەی تەمەن ٢٠ ساڵ کوڕی حەسەن بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە لە مەریوان دەسبەسەر کرابوو و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەم لاوە، شەوی سێشەممە ١١ی ڕێبەندان هێرشیان بردبووە سەر ماڵی ناوبراو لە گوندی "نێ" و دەستیان بەسەر لەپتاب و مۆبایلەکەیدا گرتبوو.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئاروین زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.