بانە؛ بەردەوامیی دەسبەسەری و ناڕوونیی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد

17:48 - 16 بانەمەڕ 2723

چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەحمەد غولامی" و "ڕەسووڵ عوبەیدی" خەڵکی گوندی "سیوچ" سەر بە شاری بانە پاش دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم دوو هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان هیچ زانییارییەک لەمەڕ چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی بانەمەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ دەسبەسەرکردنی ئەحمەد غولامی، وانەبێژی زمانی کوردی، گەمارۆی  زەوییە کشتوکاڵییەکەیانی ناوبراویان داوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی ن دەسبەسەریان کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی هێرشکردنە سەر ماڵی ئەحمەد غوڵامی دەستیان بەسەر ماشینەکەی، ماتۆڕەکەی و هەندێ کەرەستەی تاکەکەسیی ناوبراودا گرتووە. ئەحمەد غوڵامی خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە.

هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی "ڕەسووڵ عوبەیدی" خەڵکی گوندی "سیوچ"ی بانە و پاش پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بەسەر هەندێ کەرەستەی تاکەکەسیی ناوبراودا گرتووە.

پێشتر ئەم هاووڵاتییە بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست دابوو. ڕەسووڵ عوبەیدی خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە.

پاش دەسبەسەرکرانی ئەم دوو هاوولاتییە، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی بانەمەڕ ٥ هاووڵاتیی خەڵكی گوندی "سیوچ" بە ناوەکانی "عوسمان مەحموودی. فەرهاد ڕەحمان‌پوور، سەلام عەبدوڵڵاهی، زاهیر ئیسماعیلی و جەعفەر عەبدوڵڵاپەنا" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە کرابوون و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرابوون.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەحمەد غوڵامی و ڕەسووڵ عوبەیدی زانیارییەک دەست نەکەوتووە.

 وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ئەحمەد غولامی و ڕەسووڵ عوبەیدی