سنە؛ فەرهەنگ عیووزی نێردرایە مورەخەسی
ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی بانەمەڕ، فەرهەنگ عیووزی، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە شاری سنە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ئەم شارە نێردرایە مەرەخەسی.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم چالاکە مەدەنییە، بەرپرسانی زیندانی سنە داواکاریی ناوبراو بۆ وەرگرتنی مورەخەسەییان قەبووڵ کرد و ناوبراو بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ نێردرایە مورەخەسی.
پێشتر بەرپرسانی زیندانی سنە داواکاریی فەرهەنگ بۆ وەرگرتنی مورەخەسییان ڕەت کردبووەوە.
ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١، فەرهەنگ عیووزی پاش بانگهێشت بۆ دادگای ئینقلابی سنە دەسبەسەر و بەمەبەستی جێبەجێبوونی حوکمەکەی بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرا.
ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە سێ ساڵ و ٩ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.
ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ ئەم هاووڵاتییە پاش ٤٣ ڕۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرا.
ئەم چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە پێوەندیی تلفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم چالاکە کوردە و دەسبەسەریان کرد.