بەرپرسانی زیندانی سنە داواکاریی وەرگرتنی مورەخەسیی چالاکێکی مەدەنییان ڕەت کردەوە

12:07 - 14 بانەمەڕ 2723

بەرپرسانی زیندانی سنە داواکاریی فەرهەنگ عیووزی، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە شاری سنە بۆ وەرگرتنی مورەخەسییان ڕەت کردەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە مەدەنییە چەند جار داوای وەرگرتنی مورەخەسیی کردووە کە هەرجار لەلایەن بەرپرسانی زیندانی سنەوە داواکارییەکەی ڕەت کراوەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١، فەرهەنگ عیووزی پاش بانگهێشتکران بۆ بەشی بەڕێوەبردنی سزاکانی دادگای ئینقلابی سنە دەسبەسەر کرا و بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەی بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە سێ ساڵ و ٩ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ ئەم هاووڵاتییە پاش ٤٣ ڕۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە پێوەندیی تلفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم چالاکە کوردە و دەسبەسەریان کرد.