سنە؛ موسلێم سەعیدپوور چالاکی مەدەنی بە ساڵێک زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرا

00:36 - 14 بانەمەڕ 2723

موسلێم سەعیدپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵكی گوندی "تەنگیسەر" و دانیشتووی شاری سنە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرا.

ئەم حوکمە ڕۆژی شەممە ٩ی بانەمەڕ بە شێوەی فەرمی بەم چالاکە مەدەنییە ڕاگەیەندراوە.

کۆبوونەوەی دادگاییکرانی ئەم چالاکە مەدەنییە لە ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوە لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چوو. ئەم چالاکە مەدەنییە بەهۆی ئامادەکاری بۆ ڕێوڕەسمی نەورۆزی ١٤٠١، لە حەسەناوای سنە بانگهێشتی لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە کرابوو.

موسێلم سەعیدپوور ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ٩٧یش بە هۆی بەشداریکردن لە مانگرتنی گشتی لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە لەسێدارەدرانی ڕامین حوسێن پەناهی، لوقمان و زانیار مورادی پاش بانگهێشت بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر کرابوو.

ئەم چالاکە مەدەنییە ڕەزبەری ساڵی ٩٦ بە هۆی بەشداری لە کۆبوونەوەی پاڵپشتی لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش ٢٤ ڕۆژ لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.