ئیدارەی ئیتلاعات لە ڕادەستکردنەوەی کەلوپەلی کەسیی مەسعوود کوردپووور خۆی دەبوێرێ

13:45 - 10 جۆزەردان 2723

ئیدارەی ئیتلاعات سەرەڕای هەبوونی نامەی دادگوستەری، لە ڕادەستکردنەوەی کەلوپولی کەسیی مەسعوود کوردپوور، سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان خۆی دەبوێرێ.

ئەم ڕۆژنامەوانە ڕایگەیاندووە: لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانان لە ماڵەکەی خۆمدا لە شاری بۆکان، دەسبەسەریان کردم و هەموو کەلوپەلە کەسییەکانم لەوانە لەپتاب و مۆبایلەکەیان بردم. پاش نزیک بە ٥ مانگ لە زیندان ئازاد کرام. ئێستا پاش تێپەڕبوونی ٨ مانگ لە دەسبەسەکران و سێ مانگ لە ئازادبوونم، ئیدارەی ئیتلاعاتی سەرەڕای هەبوونی نامەی دادگوستەری، لە ڕادەستکردنەوەی کەلوپەلەکانم وەکوو مۆبایلەکەم خۆ دەبوێرن.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١، مەسعوود کوردپوور لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا.

مەسعوود کوردپوور، لەلایەن دادگای ئینقلابی بۆکانەوە بۆ تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٩ مانگ زیندان و "تێکدانی نەزمی گشتی" بە ٨ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

کوردپوور ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.

ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی میاندواو و دواتر بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرابوو.

مەسعوود کوردپوور، پێشتریش چەند جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە زیندان مەحکووم کرابوو.