حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییەکی خەڵکی هەرسین لە زیندانی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا

12:09 - 10 جۆزەردان 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٩ی جۆزەردان، حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییەک بە ناوی "عێزەتعەلی سەبزی"، خەڵکی شاری هەرسین، سەر بە پارێزگای کرماشان لە زیندانی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.

ئەم زیندانییە، نزیک بە سێ ساڵ پێش، بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" دەسبەسەر کراوە و لەلایەن ناوەندەکانی دادوەرییەوە بە لەسێدارەدران مەحکووم کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٥یش، برایەکی ئەم زیندانییە بە ناوی "فەردین سەبزی" هەر بەم تۆمەتە لە زیندانی ناوەندیی کەرەج لەسێدارە درابوو.

عێزەتعەلی سەبزی، تەمەنی ٤٤ ساڵ بووە، خێزاندار بووە و منداڵێکی هەیە.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم زیندانییە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان یان میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.