ئەمیر کەهریزی، چالاکی سیاسیی کوردی دەسبەسەرکراو لە تورکیە، مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی لەسەرە

16:22 - 9 جۆزەردان 2723

ئەمیر کەهریزی، چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی کرماشان، کە ڕۆژی ١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٢ لە یونانەوە خەریکی ڕۆیشتن بۆ ئۆرووپا بەمەبەستی وەرگرتنی مافی پەنابەری بوو، ڕادەستی پۆلیسی تورکیە کرا؛ ئابراو لە کەمپی ئەدرنەی ئەم وڵاتەیە و مەترسیی جیدیی دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێرانی لەسەرە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەمیر کەهریزی لە گرتنگەی کەمپی ئەدرنەی تورکیە بە بێ مافی پێوەندیگرتن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی دەسبەسەر کراوە و چەندین جار لەلایەن ئەو کەسانەوە کە لە کەمپەکە ڕۆیشتوونەتە دەرەوە بنەماڵەکەی خۆی ئاگادار کردووەتەوە کە لەگەڵ مەترسیی دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێران بەرەوڕوویە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: لەم ڕۆژانەی دواییدا یەکێک لەو کەسانەی کە لەگەڵ ئومید کەهریزی لە یونانەوە ڕادەستی تورکیە کرابوو، دیپۆرتی ئێران کرایەوە و پارێزەرە هاوبەشەکەشیان تاکوو ئێستا نەیتوانیوە هیچ کارێک بۆ ئومید بکات و بنەماڵەکەی بە جیددی نیگەرانی دۆخی کوڕەکەیانن.

ئەم سەرچاوەیە بە کوردپای وت: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ٣٠ پەناخوازی ئێرانی بە بێ ئاگاداریی پێشوو و واژۆی نامەی گەڕانەوەی دڵخواز، لە کەمپی ئەدرنە بە لێدانی توند و شکانی پەراسوویان، لەلایەن پۆلیسی تورکیەوە دیپۆرتی ئێران کراونەتەوە.

ئەمیر کەهریزی لە ئەندامانی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە و لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بووە. ناوبراو لە چەند مانگی ڕابردوودا لە ڕێگەی یونانەوە بەرەو ئورووپا کەوتە ڕێ و ڕۆژی ١٧ی بانەمەڕ لەلایەن پۆلیسی ئەم وڵاتەوە ڕادەستی تورکیە کرا.

کوردپا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی ئەمیر کەهریزی بۆ ئێران و مەترسیی جیددی دەسبەسەرکرانی ناوبراو و هەڵسوکەوتی سەروویاسایی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەو چالاکە سیاسییانەی کە دیپۆرتی ئێران دەکرێنەوە، خوازیاری سەرنجدان و هەنگاوی کردەیی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و پەنابەران بە دۆخی ناوبراوە.