کۆبوونەوەی دادگاییکرانی پەرهام پەروەری بە تۆمەتی "موحاربە" و "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" بەڕێوە چوو

00:36 - 9 جۆزەردان 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی جۆزەردان، دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی پەرهام پەروەری، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزادە" بەڕێوە چوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی پەرهام پەروەری بە بەشداریی پارێزەرەکەی، مازیار تاتایی بەڕێوە چوو و دادگا ناوبراوی بە "موحاربە" و "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" تۆمەتبار کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: دادوەری دادگا بە بنەماڵەی پەرهامی ڕاگەیاندووە کە لە ماوەی دوو حەفتەی داهاتوودا حوکمەکەی پێ ڕادەگەیەندرێ.

بڕیار بوو کۆبوونەوەی دادگایی پەرهام، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوە، لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بەڕێوە بچێ بەڵام بە هۆکاری نادیار بەڕێوە نەچوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی خاکەلێوە، ئەندازیار پەرهام پەروەری، خەڵکی سەقز، لە زیندانی تارانی گەورەوە بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی بەفرانباری ١٤٠١، ئەندازیار پەرهام پەروەری لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاند کە لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە ڕاگوێزراوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٤ی بەفرانباری ١٤٠١، پاش تێپەڕینی ٤٦ ڕۆژ لە کاتی دەسبەسەرکرانی ئەندازیار پەرهام پەروەری ، ئیزنی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەری پێ دراوە.

مازیار تاتایی، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری پاش خوێندنەوەی دۆسییەی پەرهام پەروەری بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە تۆمەتی "موحاربە"، لە دۆسییەی پەرهام لە شوێنی خۆیەتی.

پاش بڵابوونەوەی هەواڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەمەڕهەڵوەشاندنەوەی تۆمەتی "موحاربە" لە دۆسییەی ئەندازیار پەرهام پەروەری خەڵکی سەقز، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژێکدا، لەگەڵ کوردپا ئەو هەواڵەی ڕەت کردەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئەندازیار "پەرهام پەروەری" خەڵکی شاری سەقز کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری تاران دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادسەرای ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین بە "موحاربە" تۆمەتبار کرا.

"پەرهام پەروەری" دوای حەفتەیەک ڕاگیران لە زیندانی "فەشافوویە" بۆ زیندانی "ئێڤین" گوازرابووەوە.

"پەرهام پەروەری" تەمەنی ٢٥ ساڵە و دەرچووی ئەندازیاریی مێکانیک لە زانکۆی "سەنعەتـ"ـی شاری ورمێیە و "موزەفەر پەروەری" و "سروە سووزەنی" باوک و دایکی پەرهام لە فەرهەنگییانی خانەنشینکراوی شاری سەقزن.

ئەندازیار "پەرهام پەروەری" پلەی سێهەمی مەلەوانیی لە ئاستی ئێراندا هەیە و چەندین خەڵاتی لە ئاستی ناوچەیی و لە بواری خوێندکاری بەدەست هێناوە.

پەرهام پەروەری لە شیرکەتێکی ئەندازیاری لە شاری تاران خەریکی کارکردن بووە.