گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی ئومید حەسەنی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا

16:43 - 8 جۆزەردان 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئومید حەسەنی پاش گەڕانەوە لە ڕێوڕەسمی چلەی پەیمان مینبەری، داریووش عەلیزادە، یەحیا ڕەحیمی و محەممەد ئەمینی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازی و دەسپێکی ناڕەزایەتییەکانی سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کرا و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.

کوردپا، لە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە نزیکانی ئومید حەسەنی، شێوازی قەتڵی حکوومەتیی ناوبراو دەگێڕێتەوە.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی ئومید حەسەنی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ئومید حەسەنی ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لەکاتێکدا کە بەشداریی لە ڕێوڕەسمی چلەی گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە کردبوو، کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ مۆبایلەکەی کوژابووەوە و هەمان ڕۆژ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: لە دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەرەی ١٤٠١‌ەوە هەتا هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بنەماڵەی حەسەنی هەموو کەڵانتەرییەکانی شاری سنە گەڕان تاکوو لە چارەنووسی کوڕەکەیان ئاگادار ببنەوە بەڵام هیچ وڵامێکی ڕوونیان وەرنەگرتبوو.

ئەم سەرچاوەیە وتی: ئومید ڕۆژی پێنجشەممە پاش ٥ کاتژمێر دەسبەسەرکران، لەژێر ئەشکەنجەی هێزە سەرکوتکەرەکانی کەڵانتەری ١٢ی فەروەردینی شاری سنە گیانی لەدەست دابوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: ئومید پاش ئەشکەنجەکران، ئەبوورێتەوە؛ لە نەخۆشخانەی تەوحیدی سنەوە ئامبۆڵانسێک دەنێردرێتە کەڵانتەری ١٢ و کاتێ لەوێ پشکنینی بۆ دەکرێ، پزیشکەکان ڕایدەگەینن کە هیچ نیشانەیەکی لە ژیاندامانەوەی نییە و بەهۆی درەنگ فریاکەوتنی ئامبۆڵانسەکە لە کەڵانتەریدا گیانی لەدەست دابوو.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: پاش ئەوەی کە دەزانن ئومید لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە، دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە و لەوێ پزیشکەکانی نەخۆشخانە ڕایدەگەینن کە هیچ نیشانەیەک لە ژیانی تێدا نییە؛ ناویشی لە لیستی نەخۆشخانەکەدا تۆمار ناکەن و تەنانەت ئیزن بە پێرسۆنێلی نەخۆشخانەکەش نەدراوە کە وێنەی لێ هەڵبگرنەوە و بەپەلە ڕایدەگوازنەوە بۆ ساردخانە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتیشی: هەمان شەو، باوکی ئومید سەردانی کەڵانتەری ١٢ی فەروەردینی کرد و لەوێ وتیان کەسێک بەو ناوە لێرە نییە.

ئاگاداربوونەوەی بنەماڵەی ئومید حەسەنی لە کوژرانی کوڕەکەیان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پاش ٢٤ کاتژمێر لە بێسەروشوێنبوونی ئومید، شەوی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، کاتژمێر ٨ی شەو، پێوەندی بە بنەماڵەکەیەوە ئەکەن و پێیان دەڵێن کە تەرمێک لە ساردخانەی بەهەشت محەممەدیی سنەیە کە ئەگەری هەیە تەرمی ئومید بێت.

ئەم سەرچاوەیە وتی: بنەماڵەی حەسەنی بەبێ وەستان چوونە ساردخانەی بەهەشتی محەممەدی و تەرمەکەی ئومیدیان لەوێ بینی.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: بنەماڵەی ئومید لەگەڵ پێرسۆنێلی ساردخانە و هێزە ئەمنییەتییەکان دەرگیر بوون و کاتێ کە کفنەکەیان کردەوە، زانییان کە جەستەی ئومید لەژێر ئەشکەنجەدا شین بووەتەوە، چەناکەی شکاوە و خۆیان بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەی حەسەنی پشکنینیان بۆ تەرمەکە کردووە.

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئومید حەسەنی لەژێر چاوەدێریی چڕی ئەمنییەتی و بەبێ بەشداریی خەڵک؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، پاش وەرگرتنەوەی تەرمی ئومید لەلایەن بنەماڵەکەیەوە، بە هەڕەشەی هێزە ئەمنییەتییەکان، شەوی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، کاتژمێر ١٠ی شەو، تەنیا بە بەشداریی بنەماڵەی حەسەنی و بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی چڕی ئەمنییەتی، تەرمی ئومید لە بەشی ١١دا بە خاک سپێردرا.

ئەم سەرچاوە ئاگادرە ڕایگەیاند: بنەماڵەی حەسەنی نەیاندەویست کە ئەو شەوە کوڕەکەیان بە خاک بسپێرن، بەڵام بە هەڕەشەی هێزە سەرکوتکەرەکان کە وتبوویان ئەگەر ئەمشەو ئەم کارە نەکەن، سبەی ١١ کەس لە کەسوکارتان دەمرن، بنەماڵەی حەسەنی بۆ پاراستنی گیانی باقی ئەندامانی بنەماڵە هەمان شەو تەرمەکەیان بە خاک سپارد.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە بە کوردپای وت: هێزە سەرکوتکەرەکان خۆیان پێشتر، گۆڕەکەیان ئامادە کردبوو و ئیزنیان نەدا کە تەرمی ئومید لە بەشی ١٢ لەلای باقی گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی سنە بەخاک بسپێردرێ.

پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی سێ ڕۆژە و چلەی ئومید حەسەنی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سێ ڕۆژە و چلەی ئومید بە بنەماڵەکەی لە بەهەشتی محەممەدیی سنەیان نەدا و بنەماڵەی حەسەنی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ماڵی خۆیاندا ڕێوڕەسمیان بەڕێوە بردبوو. بنەماڵەی حەسەنی بە هۆی هەڕەشەی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە کەمتر توانییان هەواڵی گیانلەدەستدانی ئومید لەژێر ئەشکەنجەدا بە میدیایی بکەنەوە.

ئومید حەسەنی کوڕی حەیدەر و نیگار، لەدایکبووی ٢ی بانەمەڕی ١٣٨١ لە سنە بوو.