بانە؛ عومەر سلێمانی، چالاکی کرێکاری بە زیندان مەحکووم کرا

16:34 - 8 جۆزەردان 2723

عومەر سلێمانی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی بانە، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارەوە بە ١٥ مانگ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو مەحکووم کرا کە دادگا ئەم حوکمەی بۆ ماوەی دوو ساڵ خستە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.

دادگا، ئەم چالاکە کرێکارییەی بە "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کردووە.

کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی بانەمەڕ لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بانە بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی سێشەممە، ٦ی بانەمەڕی ١٤٠١، ئەم چالاکە کرێکارییە کوردە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی شەممە، ٢٨ی جۆزەردانی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.