زیندانی نەغەدە؛ محەممەد ئازەربەرزین بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

12:14 - 8 جۆزەردان 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەد (شێرزاد) ئازەربەرزین"، تەمەن ٢٦ ساڵ و کوڕی عەبدولقادر، خەڵکی پیرانشار بە دانانی بارمتەی ٥ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

بانەمەڕی ١٤٠٢، محەممەد ئازەربەرزین، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو"، بە ١٥ ساڵ و یەک ڕۆژ زیندانی تەعزیری و دانی ٢ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی بە ناوی سندووقی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ تۆمەتی "کۆکتێل مۆلۆتۆفێکی دروستکراوی دەست"، ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری بۆ تۆمەتی "گوێنەدان بە مەئمووری دەوڵەت" و ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٤٠ قامچیی تەعزیری لە شوێنێکی بەستراو، بە دوور لە چاوی خەڵکی جگە لە سەر و دەموچاو و شوێنە هەستیارەکانی لەش" بۆ تۆمەتی "بەشداری لە تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی مەحکووم کراوە.

محەممەد (شێرزاد) ئازەربەرزین، ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی سەرماوەزی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی پیرانشارەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.