مەسعوود ڕەحیم‌پوور، خۆپیشاندەری خەڵکی سەقز بۆ چوارەمین جار نەشتەرگەریی چاوی بۆ کرا

16:19 - 7 جۆزەردان 2723

چاوی ڕاستی مەسعوود ڕەحیم‌پور، خۆپیشاندەری خەڵکی سەقز بۆ چوارەمین جار لە نەخۆشخانەی نیکووکاریی تەورێز نەشتەرگەریی بۆ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نەشتەرگەریی پێوەنددانەوەی تۆڕی چاوی مەسعوود ڕەحیم‌پوور لە نەخۆشخانەی نیکووکاریی تەورێز کراوە بەڵام پزیشکەکەی ئەو دڵنییاییەی پێ نەداوە کە بینایی چاوی بگەڕێتەوە.

شەوی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١، مەسعوود ڕەحیم‌پوور، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە گەڕەکی "کەریم ئاوا"ی سەقز، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان چاوی بەتوندی بریندار بوو.

مەسعوود ڕەحیم‌پوور لە ترسی دەسبەسەرکران، ٣٦ کاتژمێر دوای ڕووداوەکە چووەتە نەخۆشخانەی خومەینیی سەقز و پزیشکەکانی ئەم نەخۆشخانەیە ناوبراویان ناردووەتە  نەخۆشخانەی نیکووکاریی تەورێز.

پیشتریش، سەرەڕای ئەنجامدانی ٣ نەشتەرگەری بۆ چاوی ڕاستی مەسعوود، تەنیا ٢٠ لەسەد لە بینایی چاوی گەڕاوەتەوە.

مەسعوود ڕەحیم‌پوور، خەڵکی سەقز کوڕی محەممەد، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٨ە و کاری گەچکاریی کردووە.