گێڕانەوەی شێوازی برینداربوونی هاووڵاتییەکی خەڵكی هەرێمی کوردستان

17:11 - 13 بانەمەڕ 2723

کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١، سەرەتای دسپێکی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا-مەهسا ئەمینی، لە کوردستان و ئێران بوو؛ لەم ناڕەزایەتییانەدا زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژران و ژمارەیەکی بەرچاویش بە چەکی جۆراجۆر و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان پێکران و بریندار بوون.

لە ڕووداوی کوژرانی ژینا ئەمینی، جگە لە برینداربوونی هاووڵاتییانی ناڕازی لە کوردستانی ئێران، چەند هاووڵاتییەک لە هەرێمی کوردستان بە تەقەی سپای پاسداران کە لە دەرەوەی ئەو ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانانە بوون، بریندار کران.

ئاژانسی کوردپا شێوازی برینداربوونی یەکێک لە برینداربووەکانی گوندی "مەروێ" لە شارەدێی سیوەیل لە هەرێمی کوردستان دەگێڕێتەوە کە بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار کرابوو.

محەممەد عەزیز حەسەن ڕەشید کە بۆ ناشتنی تەرمی موتەلب سەعیدپەیڕەو، چووبووە گوندی چۆمانی بانە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە دیوی ئێران تەقەی لێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بەم جۆرە باسی ئەو ڕووداوەی بۆ کوردپا کرد: ئێمە بە حوکمی دراوسێیەتی لە زەوی و زار و ئاشنایەتی لەگەڵ دانیشتووانی گوندی چۆمانی بانە، پاش کوژرانی موتەلب لەگەڵ ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندی "مەروێ" بۆ ناشتنی تەرمی موتەلب ڕۆیشتبووین کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە تەقەمان لێ کرا و دوو کەسمان بریندار بووین و کەسێکی دیکەش دەسبەجێ گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە وتی: هێزەکانی سپای پاسداران لە پایگای "چۆمان" لەنێو خاکی ئێران پێش گەیشتنمان بە خاکی چۆمانی بانە و بە بێ ئاگادارکردنەوەمان، دەسڕێژیان لێ کردین.

برینداربوونی ئەژنۆی لاقی چەپی ئەو هاووڵاتییە بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران؛

محەممەد عەزیز حەسەن لەو بارەیەوە دەڵێت: لەو ڕووداوەدا گولـلەیەکی چەکی "ڕەشاش" بەر ئەژنۆی لاقی چەپم کەوت و بەسەختی پێکرام، دوای ٢٠ خولەک خەڵکی چۆمان بە هانامانەوە هاتن تاکوو پایگاکە تەقەمان لێ نەکات.

ئەو هاووڵاتییە هەروەها دەڵێت: پاش برینداربوونم ڕاگوێزرام بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی و هەتا ئێستا دوو جار نەشتەرگەریی ئەژنۆم بۆ کراوە.

ئەو هاووڵاتییە لە درێژەدا دەڵێت: هەر چەندە گولـلەکەیان لە ئەژنۆم دەرهێناوە، بەڵام ئەژنۆم نانوشتێتەوە و توانای ڕۆیشتنی جارانم نەماوە.

بانگهێشتکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە لەلایەن پۆلیسی قەزای چوارتا؛

محەممەد عەزیز حەسەن لەمەڕ سکاڵا تۆمارکردنیان بە کوردپای ڕاگەیاند: پۆلیسی قەزای چۆمان بانگهێشتی کردین و پێی وتین کە ئێوە سکاڵاتان لەسەر کێیە، خۆ ئێوە ئەو کەسانانە ناناسن کە تەقەیان لێکردوون و ئەگەر سکاڵا بکەن هیچ کاریگەرییەکی نابێت.

محەممەد عەزیز حەسەن ڕەشید لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٥ی زایینی لە گوندی "مەروێ" سەر بە  لە شارەدێی سیوەیل لە هەرێمی کوردستانە و بە کاری کشتوکاڵەوە خەریکە.