مەستانە نازی لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بینایی چاوی لەدەست دا

16:49 - 15 خاکەلێوه 2723

دەسبەسەرکردن، لەسێدارەدان و تەقەی ڕاستەوخۆ لە خۆپیشاندەرانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەشێک لە کارنامەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ درێژەدان بە سەرکوتی ناڕازییانی سەر شەقام بووە.

پاش قەتڵی حکوومەتیی ژینا-مەهسا ئەمینی، هاووڵاتییان لە ناڕەزایەتیدەربڕین بەم قەتڵە حکوومەتییە لە شارەکانی ئێران و بەتایبەتیش لە کوردستان هاتنە سەر شەقامەکان کە بەرەوڕووی سەرکوتی ئامانجداری هێزە سەرکوتکەرەکان بوونەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەلایەن ناوەندە مافی مرۆییەکانەوە، لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا زیاتر لە ١٨ هەزار کەس دەسبەسەر کراون و ٥٠٠ کەسیش بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانیان لەدەست داوە.

پیرانشار بە ڕێژەی نزیک بە ١٤٠ هەزار کەس حەشیمەتەوە یەکێک لە ناوەندەکانی ناڕەزایەتییەکان بوو؛ لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارەدا ٤ هاووڵاتی کە سێ کەسیان منداڵ بوون گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەک هاووڵاتیی دیکەش دەست و لاق و چاویان بریندار بوو. یەکێک لەم بریندارانە "مەستانە نازی" بوو کە چاوی چەپی بە هۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بریندار بووە.

 بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا مەستانە نازی لە کاتێکدا کراوەتە ئامانجی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان کە تەنیا خەریکی چاولێکردن لە ناڕەزایەتییەکان بووە و نزیکەی ٣٠ ساچمە بەر سەر و دەموچاوی کەوتووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا ڕایگەیاند: ئەم ڕووداوە لە بەردەم ماڵی باوکی مەستانە نازی لە شەقامی ٢٤ میتریی پیرانشار ڕووی داوە و بنەماڵەی مەستانە ناوبراویان بۆ نەخۆشخانەی خومەینیی پیرانشار گواستووەتەوە.

سەرچاوەیە ئاگاداری کوردپا هەروەها وتی: مەستانە بە هۆی قورسیی برینەکەی چاوی چەپییەوە لە نەخۆشخانەی پیرانشارەوە بۆ نەخۆشخانەی مەهاباد گوازراوەتەوە و تاکوو ئێستا پزیشکەکان سێ جار نەشتەرگەرییان بۆ چاوی کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: چاوی چەپی مەستانە نازی بینایی نییە و هێشتا چەن ساچمە لە سەر و دەموچاویدا بەجێ ماوە.

مەستانە نازی کچی عەبدوڵڵا و عایشە، لەدایکبووی سەرماوەزی ١٣٧٨ لە پیرانشارە.