بانە؛ هێزە نیزامیەکانی حکوومەت بە ماشین کۆڵبەرێکیان کردە ژێرەوە

11:18 - 4 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێک بە ناوی "محەممەدلەتیف ئەحمەدپوور"، خەڵکی بانە کە بە ئەنقەست لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە بە ماشین کرابووە ژێرەوە و بەتوندی بریندار ببوو، پاش ٤ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بە هۆی قورسیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٣١ی خاکەلێوە، ئەم کۆڵبەرە لەگەڵ چەند کۆڵبەری دیکە لە کاتی گەڕانەوە لە کۆڵبەری، لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە و بەئەنقەست  ناوبراو دەکەنە ژێرەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: یەکێک لە هێزە نیزامییەکانی حکوومەت دەستی لە ماشینەکە دەرهێناوە و پشت ملی محەممەدلەتیفی گرتووە و چەند میتر ڕایکێشاوە، ئەم کۆڵبەرەش بەهۆی نەمانی توانایی لە ڕاگیرانی خۆی لەو حاڵەتەدا کەوتووەتە ژێر تەگەری دواوەی ماشینەکە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: لەم ڕووداوەدا، مل و شانەکانی ئەم کۆڵبەرە لە چەند لاوە شکابوون و ناوبراو بە هۆی توندیی برینەکانییەوە بۆ نەخۆشخانەی شیفای سەقز ڕاگوێزرابوو.

ئەم سەرچاوەیە وتیشی: کەماڵ خدری، فەرمانداری بانە پاش گیانلەدەستانی ئەم کۆڵبەرە پێوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتووە و هەڕەشەی لێ کردوون کە تەرمی محەممەدلەتیف بە شێوەی شاراوە و بە بێ بەشداریی خەڵک بە خاک بسپێرن.

محەممەدلەتیف ئەحمەدپوور، تەمەنی ٣٦ ساڵ بووە، خێزاندار بووە و منداڵێکی هەبووە.