گێڕانەوەیەک لە کوشتنی بەئەنقەستی شەهریار محەممەدی بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکان لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

11:05 - 4 بانەمەڕ 2723

شەوی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، شەهریار محەممەدی، خۆپیشاندەری خەڵکی بۆکان بە تەقەی بەئەنقەستی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

هیزە سەرکوتکەرەکان شەوی چوارشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، پاش گیانلەدەستدانی محەممەد حەسەن‌زادە، خۆپیشاندەری دیکەی خەڵکی بۆکان، ناوبراویان ناسیوەتەوە و خستوویانەتە ژێر چاوەدێرییەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، شێوەی کوشتنی بەئەنقەستی شەهریار محەممەدی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەگێڕێتەوە.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی شەهریار محەممەدی؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە بە کوردپای ڕاگەیاند: شەهریار محەممەدی لە سەرەتای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی چالاکییەکانی خۆی بە شێوەی جیددی و بەردەوام دەست پێکرد و پاش گیانلەدەستدانی محەممەد حەسەن‌زادە و ئەسعەد ڕەحیمی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا، چالاکییەکانی خۆی ئاشکرا کرد و شەوی چوارشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە ناسرا و کەوتە ژێر چاوەدێرییەوە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: هێزە سەرکوتکەرەکان شەوی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە فەلەکەی عەلی ئاباد هەتا بێهزیستیی بۆکانیان داخست و گەمارۆی ماشینەکەی شەهریار محەممەدییان دا و بە تیربار کردیانە ئامانج و ماشینەکەیان کون کون کرد.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکان پاش تەقەکردن لە شەهریار لە ترسی خەڵک و بەربڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان بەخێرایی شوێنەکەیان بەجێ هێشت و شەهریار محەممەدی پاش ٢٠ خولەک ناوی دایکی دەهێنایە سەر زمان و بە هاوارکردن داوای یارمەتی دەکرد.

ئەم سەرچاوەیە وتیشی: پاش ٤٠ خولەک، شەهریار محەممەدی بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرا و سەرەڕای هەوڵی پێرسۆنێلی دەرمانی بۆ گەڕاندنەوی بۆ ژیان، گیانی لەدەست دا. هێزە سەرکوتکەرەکان لە نەخۆشخانەدا ویستبوویان تەرمی شەهریار بە شەق ڕادەستی ساردخانەی نەخۆشخانە بکەن کە بنەماڵەی شەهریار بەرەنگاریان بوونەوە.

ئەم سەرچاوەیە بە کوردپای ڕاگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکان لە نەخۆشخانە هێرشیان کردووەتە سەر دایکی شەهریار و هەڕەشەیان لێ کردبوو کە ئەگەر بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی کوڕەکەی لەگەڵیان نەچێ ئیتر چاوی بە مەزارەکەی ناکەوێ و بەم شێوەیە تەرمی شەهریار بە چەند ماشینی نیزامی گواسترایەوە بۆ گۆڕستانی بۆکان و تەنیا بە بەشداریی دایکی ئەسپەردەی خاک کرا.

گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر بنەماڵەی شەهریار محەممەدی؛

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: بنەماڵەی شەهریار تەنیا یەک ڕۆژ و لەژێر چاوەدێریی چڕی ئەمنییەتییدا و لەکاتێکدا کە مزگەوتەکە لەلایەن هێزی بەسیج و هێزی تایبەتەوە گەمارۆ درابوو توانییان یەک ڕۆژ پرسەی بۆ دابنێن.

ئەم سەرچاوەیە وتی: بنەماڵەی محەممەدی، تا ڕۆژی ٤٠ەی شەهریار نەیانتوانیوە مەزارەکەشی ببینن.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕاشیگەیاند: بنەماڵەی محەممەدی بۆ چوونە سەر مەزاری شەهریار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە سنووریان بۆ دانراوە و ئەگەر ڕاگەیەندراوێک بڵاو بکرێتەوە بە پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی هەڕەشەیان لێ دەکەن کە نابێ بەشداری لە هیچ ڕێوڕەسمێکدا بکەن.

شەهریار محەممەدی لەدایکبووی ٥ی بانەمەڕی ١٣٧٣ لە بۆکان بوو.