دادسەرای نیزامیی سەقز و بانە تەقەکردن لە فەرەیدوون مەحموودیی پشتڕاست کردەوە

12:40 - 2 بانەمەڕ 2723

لقی یەکی دادیاریی دادسەرای نیزامیی سەقز و بانە، تەقەی هێزە تایبەتەکانی لە فەرەیدوون مەحموودی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی پستڕاست کردەوە.

لقی یەکی دادیاریی دادسەرای نیزامیی سەقز و بانە ڕایگەیاند: "ڕوون نییە کە فەرەیدوون بە تەقەی کام یەک لە هێزەکانی تایبەت کراوەتە ئامانج کەوایە تاوانبار دیاری ناکرێ. بەڵام سەبارەت بە لایەنی گشتیی سکاڵای بنەماڵەکەی بە هۆی کامڵ نەبوونی هۆکارەکان قەراری مەنعی تەقعیب دەر دەکرێ و دۆسییەکە ڕادەستی دادستان دەکرێ."

لە درێژەی بڕیاری کۆتایی دادسەرای نیزامیی سەقز و بانەدا هاتووە: "بەم پێیە سەبارەت بە دیاریکردنی دیە کە لەلایەن یەکەی تایبەتەوە بدرێ، بەپێی ماددەی ٦٣١ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری دەبێ بە بێ ڕادەستکردنی داخوازی لە دادگای نیزامیدا بەداوداچوون بکرێت."

ڕۆژی شەممە، ٢٧ی خاکەلێوە، دایک و باوکی فەرەیدوون مەحموودی بانگهێشتی دادگای نیزامیی سەقز و بانە کران و پێیان ڕاگەیەندرا کە لە بەرانبەر وەرگرتنی دیەدا سکاڵای خۆیان وەربگرنەوە. دایکی فەرەیدوون مەحموودی وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم داواکارییە بە دادوەری دادسەرای نیزامیی وتووە: "ئێمە خوێنی فەرەیدوون نافرۆشین بە دەوڵەت."

٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١، فەرەیدوون مەحموودی خەڵكی سەقز لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارەدا گیانی لەدەست دا. تەرمی ناوبراو شەوانە و بە بێ ڕێوڕەسم بەهۆی پێشگیریی هێزە ئەمنییەتییەکان بە خاک سپێردرا.