فەخرەدین ئیبراهیمی، کوڕی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراو دەسبەسەر کرا

22:04 - 14 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خاکەلێوە، فەخرەدین ئیبراهیمی، کوڕی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراو پاش ڕۆیشتن بۆ لقی ٩ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزراوە.

فەخرەدین ئیبراهیمی ڕۆژی ٧ی خاکەلێوە بە تۆمەتی "شکاندنی دەرگای پاسەوانیی دادگای پێداچوونەوە"  بانگهێشتی لقی ٩ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ کرابوو.

فەخرەدین ئیبراهیمی ڕۆژی ٥شەممە، ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١ ڕۆژێک پێش لەسێدارەدرانی باوکی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی هەینی ٢٦ی ڕەشەمە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ڕۆژی هەینی، ٢٦ی رەشەمە مەحیەدین ئیبراهیمی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆ لە زیندانی ورمێ لە سێدارە درا.

کۆماری ئیسلامی لە ڕادەستکردنەوەی تەرمی ناوبراو بە بنەماڵەکەی خۆی بوارد و تەرمەکەی لە شوێنیکی نادیاردا ئەسپەردەی خاک کرد.

ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسێتیی نەغەدە هۆکاری مەرگی ناوبراوی "سزای یاسایی" ڕاگەیاندووە.